رووداو - دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی زیانەکانی لافاوەکەی دوێنێ شەوی شاری هەولێر، پرۆسەی فریاگوزاری و رزگارکردنی هاونیشتمانییان و پلانەکانی پارێزگای بۆ قەرەبووکردنەوە و خاوێنکردنەوەی گەڕەکەکان خستەڕوو.
رۆژی یەکشەممە 08-11-2026 ئومێد خۆشناو بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێرەوە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان و دانیشتووانی شارەکە کرد و رایگەیاند، بەداخەوە بەهۆی لافاوەکەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
ئومێد خۆشناو گوتی: "کاک محەممەد گەنجێکی خۆبەخش بوو و وەک شۆفێری شۆفڵ بەشدار بوو لە هەڵمەتی رزگارکردنی هاووڵاتییان لە کاتی دروستبوونی لافاوەکەدا، بەڵام گیانی بەختکرد."
پارێزگاری هەولێر گوتی: "مستەفا سەرکەوت، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ بوو، لەگەڵ باوکیدا لەنێو ئۆتۆمبێل بوو و لە نزیک فولکەی هەولێری نوێ کە لافاو ئۆتۆمبێلەکەیانی بردووە و گیانی سپاردووە. تەرمی هەردوو قوربانییەکە بە کەمتر لە کاژێرێک لەلایەن تیمەکانەوە دۆزرانەوە."
رزگارکردنی سەتان هاووڵاتی لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، "سەرجەم دەزگاکانی پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە، زێرەڤانی، بەرگریی شارستانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کراونەتە یەک تیمی هاوبەش و لە شەوی رابردووەوە لە ئەرکدان."
بەپێی ئامارە بەراییەکان کە ئومێد خۆشنا باسیکرد، "تەنیا لەلایەن تیمی فریاکەوتنی خێرای (122)ـەوە زیاتر لە 300 هاووڵاتی لە خنکان رزگار کراون."
پارێزگاری هەولێر گوتی، "بە هاوکاریی هاووڵاتییانی خۆبەخش و شۆفێرانی شۆفڵ و ئامێرە قورسەکان، سەدان کەس کە ئاو چووبووە ماڵەکانیان، لە رێگەی سەربانی ماڵەکانیانەوە لەلایەن تیمەکانەوە بە شۆفڵ داگیراون و لە مەترسیی گیانلەدەستدان رزگار کراون؛ ئەگەر ئەو هەوڵە خێرایانە نەبوونایە زیانی گیانی زۆر زیاتر دەبوو."
هەڵمەتی خاوێنکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە
پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە، "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام لەسەر هێڵ بووە، ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا و بڕیاردرا هەڵمەتێکی فراوان بە بەشداریی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، ناوەندی قەیرانەکان، فەرماندەیی زێرەڤانی، پاسەوانی سنوور و هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەستپێبکات."
بەگوتەی پارێزگار، "پلانی خاوێنکردنەوەی شەقام و ماڵە زیانلێکەوتووەکان ماوەی دوو تاوەکو سێ رۆژ دەخایەنێت تاوەکو دۆخی شارەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە."
پێکهێنانی لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، "لیژنەیەکی تایبەت لە ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان و دەزگەی خێرخوازیی بارزانی پێکهێنراوە و فۆرمێکی تایبەت ئامادە کراوە بۆ تۆمارکردن و خەمڵاندنی هەموو ئەو زیانە مادییانەی بەر ماڵان، دوکان، بازاڕ، باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان کەوتوون، تاوەکو لە کورتترین ماوەدا قەبارەی زیانەکان دیاری بکرێت."
قەبارەی بێوێنەی بارانبارین و سەرڕێژبوونی پۆندەکان
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی لافاوەکە، پارێزگار روونیکردەوە، "بڕێکی ئێجگار زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا باریوە و نموونەی بە (پۆندی کەسنەزان) هێنایەوە و گوتی، پار پۆندەکە لە تەواوی وەرزی بارانبارین لە پاییزەوە تاوەکو کۆتایی بەهار تەنیا یەکجار سەرڕێژی کردبوو، بەڵام دوێنێ شەو تەنیا لە ماوەی کاژێر و نیوێکدا نەک هەر سەرڕێژ بوو، بەڵکو مەتر و نیوێک ئاو بەسەر بەنداوەکەدا پەڕیوەتەوە بەرەو گەڕەکەکان."
بەپێی ئاماری کەشناسی، تەنانەت لە ناوەندی شار و نزیک شەقامی 60 مەتری کە کەمترین بارانی لێ باریوە، 47 میلیمەتر باران لە ماوەیەکی کەمدا تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە دەوروبەری هەولێر بڕەکە زۆر لەوە زیاتر بووە.
لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمی لە گەڕەکەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە گیرانی ئاوەڕۆ لە ناوچەکانی وەک سێبەردان و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان (سیتییەکان)، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵانە لە مانگی ئابەوە دەست بە ئامادەکاری و پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان دەکرێت، بەڵام لە سێبەردان کێشەی دارایی هەبووە لە تەواوکردنی تۆڕی ئاوەڕۆدا و بارانەکەش لە سەرووی توانای سیستمەکە بووە."
ئومێد خۆشناو گوتی: "کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان بەرپرسیارن لە خزمەتگوزاری و ئامادەکارییەکانی ناو پڕۆژەکانیان؛ بەپێی رێکارەکان لە هەر شوێنێک کەمتەرخەمی کرابێت لێکۆڵینەوە دەکرێت و رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر کەمتەرخەمان دەگیرێتەبەر."
