رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لە دیدارێکدا پرسی ئەمنی، پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، کە جەنراڵ محەممەد رەزا مەسگەریان، بەرپرسی دۆسیەی هەرێمی کوردستان لە سوپای پاسداران سەرۆکایەتیی دەکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کراون، هەروەها جەخت لەسەر چۆنیەتیی برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کراوەتەوە، بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولادا بێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پرسی هاریکاریی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری. هاوکات جەختیان لە پەنابردنە بەر دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی و شاندی میوان تیشکیان خستووەتە سەر لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق ـ بە هەرێمی کوردستانیشەوە ـ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها بیروڕایان لەبارەی چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هاوبەش گۆڕییەوە.
