رووداو دیجیتاڵ
ئەڤین ئینجیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاند، دەبێت بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و جەختی کردەوە کە دەبێت سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە تەواوی رێزی لێبگیرێت.
رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، ئەڤین ئینجیر لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بڵاویکردەوە، "ئەو هێرشە درۆنییانەی کرانە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی هەرێمی کوردستان، دەبێت بە تووندی سەرکۆنە بکرێن."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەورووپا گوتی: "ئەم هێرشە قبووڵنەکراوانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە." ئینجیر هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران بارزانی و گەلی کوردستان دەربڕی.
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ شتێک پاساو بۆ هێرشە بێباکانەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی ناهێنێتەوە و داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات وریای "پیلانی ئاڵای ساختە" بن بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر کرد و گوتی: "ئێمە بەرگریمان لە دۆستانی کوردمان کرد لە دژی سەددام و داعش و سوپاسگوزاری ئەو ئاسایشەشین کە لەسەر سنوورەکانمان دابینیان کردووە."
بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام کردە ئامانج.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج." سەرۆکوەزیران ئەمەی وەک "پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەسفکرد.
هێرشەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "بە روونی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکە بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."



