رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانە بۆ رووداو ناردووە کە لە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووکیان هەژاند. بەپێی راپۆرتەکە، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژدا 46 بوومەلەرزە تۆمارکراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەم چالاکییە بوومەلەرزەییانە لە ماوەی نێوان 30ی تەممووز تاوەکو 2ی ئابی 2026 بەردەوام بوون.
وردەکاریی بوومەلەرزەکان:
- کۆی گشتیی بوومەلەرزەکان: 46 بوومەلەرزە.
- بەهێزترین بوومەلەرزە: رۆژی 1ی ئابی 2026 بە گوڕی 4.9 پلە بەپێی پێوەری رێختەر تۆمارکراوە، کە ناوەندەکەی 23 کم لە رۆژهەڵاتی شاری کەرکووکەوە دوور بووە.
- گوڕی بوومەلەرزەکان: لە نێوان 1.1 تاوەکو 4.9 پلەی رێختەر بوون.
- دابەشبوونی بوومەلەرزەکان: پێش روودانی بوومەلەرزە سەرەکییەکە، 30 "پێشلەرزە" تۆمارکراون، دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکەش 15 "پاشلەرزە" روویانداوە.
لە راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کراوە، زۆربەی بوومەلەرزەکان لاواز بوون و تەنیا ئامێرەکان تۆماریان کردووە، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک لە چەقی بوومەلەرزەکە بە روونی هەستیان بە چەند لەرینەوەیەکی بەهێز کردووە. کاریگەریی ئەم لەرینەوانە گەیشتووەتە ناو شاری کەرکووک و بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش.
بەشی چاودێریی بوومەلەرزەزانیی عێراق روونی کردووەتەوە ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەیان تێدا روویداوە دەکەوێتە سەر (پلێتی عەرەبی) کە ناوچەیەکی چالاکە لە رووی تەکتۆنییەوە. ئەم هێڵە چالاکە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو پارێزگای بەسرە و هاوتەریبە لەگەڵ سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا.
بەپێی تۆمارەکانی دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لە ماوەی نێوان ساڵانی 1900 تاوەکو 2026، ئەم ناوچەیە و دەوروبەری رووبەڕووی نزیکەی 154 بوومەلەرزە بوونەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 1 تاوەکو 5.2 پلە بووە، ئەمەش بەردەوامیی چالاکییە بوومەلەرزەییەکان لەو سنوورەدا دەسەلمێنێت.
دەستەکە دەڵێت، هۆکاری ئەم چالاکییە بۆ جووڵەی بەردەوامی (پلێتی عەرەبی) بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەگەڕێتەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لە ناوچەی بەریەککەوتنی تەکتۆنی، بەتایبەتی لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، ئەمەش لە ئەنجامدا بوومەلەرزەی جیاواز لە ناوچەکەدا دروست دەکات.


