رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە "پێشێلکاریی روونی سەروەریی عێراق" ناودەبات.
بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-08-2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانە گوتی، "بە روونی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکە بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: تەنیا یەک پرسیار، ئەمڕۆ دوو درۆنی خۆکوژی ئێرانی، هەرێمی کوردستانی عێراقیان کردە ئامانج و یەکێکیان لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دا، ئەمەش بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەوێ کە ئەمە بە پەرەسەندنێکی جیددی ناودەبەن. ئایا سکرتێری گشتی ئەم هێرشە بۆ سەر کوردستان وەک هێرش بۆ سەر سەروەریی عێراق لەژێر میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبینێت؟
ستێفان دووژاریک: بە روونی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکە بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.



