رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەبۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و داوا دەکات پرۆسەی ئاشتەوایی و دامەزراوە شەرعییەکان کارا بکرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی و نزای سەرکەوتنی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و رایگەیاند: "یادەکەتان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و هەرێمەکەمان بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت."
سەبارەت بە هەستیاریی قۆناخەکە و دۆخی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کردووە، خوازیارە سەرکردایەتیی پارتی لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و چاوەڕوانیی گەلەکەماندا بن و دەڵێت: "پرۆسەی ئاشتەوایی و بەگەڕخستنی دامودەزگا شەرعییە نیشتمانییەکان کارا بکەنەوە و ناوماڵی کوردستانی و عێراقی زۆرتر رێکبخرێتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی، سەلاحەدین بەهائەدین جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکاتەوە و داوا دەکات، هەردوو لا هەوڵ بدەن "هەرێم و وڵات لە بەڵای نەخوازراو بەدووربگرن."



