رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، مەسعود بارزانی تەنیا رێبەر نییە، بەڵکوو هەناسە و ئومێدی نەتەوەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بە 18 ساڵ کارکردنی لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و رایگەیاند: "لە نزیکی جەنابتەوە فێربووم کە چۆن دەکرێت مرۆڤ ببێتە قەڵایەکی پۆڵایین بۆ میللەتەکەی و چۆن دەبێتە پارێزەری رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر، کە لە ناخی جەنابتدا وەک تاکە رێگەی رزگاری دەدرەوشێتەوە."
سەبارەت بە روانگەی کوردانی تاراوگە بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، شیفا بارزانی دەڵێت: "کاتێک ئەرکی خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانیم لە دیاسپۆرا گرتە ئەستۆ، لە چاوی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە لەوپەڕی دنیا، وێنەی جەنابت وەک قیبلەنمایەک دەبینم کە هەمووان بەرەو کەناری ئارام و شکۆی نەتەوەیی رێنمایی دەکات." هەروەها پێیوایە گەلی کورد داهاتووی خۆی لە "چاوە پڕ لە متمانەکانی" ئەودا دەبینێتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بەڵێنی درێژەدان بە رێبازی بارزانی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: "تەمەنت درێژ بێت ئەی ئەو سێبەرە میهرەبانەی کە هەموو کوردێک لە هەر کوێی ئەم زەمینە بێت، لە سایەیدا هەست بە ئارامی و کەرامەت دەکات؛ بوونت شکۆیە بۆ مێژوو و چرا هەرە گەشاوەکەی ئومێدە بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم نیشتمانە."


