ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی (مووسا زیباپوور) لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، موسا زیباپوور کاژێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە. موسا خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە. ئەمە یەکەم جار نەبوو تەقە لە مووسا بکرێ؛ پێشتریش لە ساڵی 2021دا لە سنووری (ماشکان)ی پیرانشار تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار کرابوو. تەرمی کۆڵبەرەکە گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی پیرانشار و دواتر بەخاک دەسپێردرێت.