رووداو دیجیتاڵ
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلشەرقییە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکانی بەردەم عێراق و هۆشداری دەدات لە مانەوەی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە دوایین سەردانیدا بۆ تاران و لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسی گرووپە چەکدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تاوتوێ کردووە؛ لە وەڵامیشدا ئێرانییەکان بە فەرمی ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە یەکلاکردنەوەی ئەو مەلەفەدا.
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەولێر و بەغدا لە یەک کەشتیدان و پێویستە هێزە سیاسییەکان بەرژەوەندیی باڵای عێراق بخەنە سەروو هەموو شتێکەوە تاوەکو وڵات لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بپارێزن.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پێشکەشکار: سڵاوی خواتان لێبێت. لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ناوچەکە گۆڕانکاریی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت، ئەم گۆڕانکارییانە زۆر لە هاوسەنگییەکانی هێزیان داڕشتەوە و دۆخی نوێیان سەپاندەوە، هەر لە رووداوەکانی غەززەوە تا ئەوەی لە سووریا روویدا و دواتر شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل دژ بە ئێران..
لە گەرمەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، لەوە دەچێت عێراق لە بەردەم واقیعێکی نوێدا خۆی بینیبێتەوە کە ناشێت بە لۆژیکی چاوەڕێکردن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. ئاڵنگارییەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، قەیرانی دارایی، شایستە سیاسییەکان شانبەشانی گۆڕاوە ئەمنییەکان و هەرێمایەتییەکان..
هەموو ئەمانە عێراق رووبەڕووی قۆناغێکی جیاواز دەکەنەوە کە پێویست بە دیدگەیەکی روون و خوێندنەوەیەکی ورد دەکات بۆ ئەو رووداوانەی لە دەوروبەری روودەدەن.
لێرەوە کۆمەڵێک پرسیاری ستراتیژی و گرنگ سەر هەڵدەدەن: ئایا عێراق خاوەنی دیدگەیەکی روونە بۆ داهاتووی خۆی؟ ئایا لە توانایدا هەیە رووبەڕووی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانی خۆی ببێتەوە و خۆی لەگەڵ گۆڕاوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێنێت؟ یان هەر لەنێو بازنەی چاوەڕێکردندا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەو قەیرانانەی دەورەیان لێی داوە کۆتاییان پێ دێت؟ ئەی چی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە؟ لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکە بە خۆیەوە دەیانبینێت و باڵیان بە سەر ئەویشدا کێشاوە، رۆڵی لە نەخشاندنی شێوەی داهاتووی عێراقدا چییە؟
پرسیارگەلێکی زۆر هەن کە ئەمڕۆ خۆیان دەسەپێنن و ئەوەی لە وەڵامدانەوەیان گرنگترە ئەوەیە کە بزانین ئایا بەڕاستی عێراق بۆ قۆناغی پاش ئەم گۆڕانکارییانە ئامادەیە؟
ئەمانە ئەو بابەتانەن کە هەوڵ دەدەین ئەمشەو لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی، گەنگەشەیان لەبارەوە بکەین..
پێشکەشکار: دووبارە سڵاوی خواتان لێبێت. سەرلەنوێ بەخێرهاتنی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی دەکەین. زۆر بەخێر بێیت جەنابی سەرۆک...
نێچیرڤان بارزانی: بەخێر بێن.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، سەرەتا سوپاست دەکەین بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و قبووڵکردنی بانگهێشتەکەمان. رەنگە کۆمەڵێک پرسیاری زۆرمان هەبێت و رەنگە ماندووت بکەین، بەڵام هیوادارین بە سنگێکی فراوانەوە ئەم هەموو پرسیارانە وەربگریت..
نێچیرڤان بارزانی: بەخێر بێن، سەرچاو.
پێشکەشکار: سڵاوی خوات لێبێت.. ئێمە لە سەرەتاوە زۆر مەبەستمان بوو بزانین رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا باسی چیی کردووە، تا گەیشتینە کۆمەڵێک بابەت کە جەنابتان لە کۆبوونەوەکەدا خستووتانەتە روو و کردوومانن بە کۆمەڵە پرسیارێک..
با لە پرسیاری یەکەمەوە دەست پێ بکەین:
جەنابت گوتت ئێمە هەموومان لەناو یەک کەشتیداین و بە رێزەوە دەڕوانینە قوربانیدانەکانی حەشدی شەعبی. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئاییندەی گرووپە چەکدارەکان (فەسائیل) لە عێراقدا بەرەو کوێ دەچێت؟ ئێوە چۆن تەماشایان دەکەن، ئایا جیاوازییەک دەبینن لەنێوان حەشد و فەسائیلەکاندا، یاخود وەک یەک بەش و یەک جەستە سەیریان دەکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس بۆ کاکە هیشام، بەخێرهاتنتان دەکەین لە هەولێر. بێگومان من دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان رێزی تایبەتیمان هەیە بۆ قوربانیدانەکانی حەشد و سوپای عێراق لەگەڵ هاوکارانی خۆیان، پێشمەرگە، لە کوردستان بۆ بەرگری لە خاکی عێراق، حەشد دامەزراوەیەکی حکومییە و بەپێی یاسا دروست کراوە و دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە رێزێکی زۆرمان هەیە بۆ قوربانیدانەکانی حەشد لەپێناو بەرگریکردن لە عێراق. بابەتی حەشد و فەسائیل، ئێمە زۆر جار کە دەچینە بەغدا، بە نزیکی بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو وانەیەمان پێ دەڵێن کە روونی دەکاتەوە چ جیاوازییەک لەنێوان حەشد و فەسائیلدا هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا، چ فەسائیل و چ حەشد بودجەکەیان لە دەوڵەتی عێراقەوەیە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.
بۆچوونی ئێمە لەسەر فەسائیل، بابەتی دژایەتیکردنی فەسائیل نییە، بابەتەکە و پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئێمە هەموومان پێکەوە لەناو کەشتییەکداین. چ لە بەغدا چ لە بەسرە و تا دەگاتە زاخۆ هەموومان پێکەوەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەو کارانەی ئەم فەسائیلانە دەیکەن نە لە بەرژەوەندیی عێراقە و نە لە بەرژەوەندیی داهاتوویەکی باشە بۆ ئەم وڵاتە. ئەم فەسائیلە لەلایەکەوە هەڕەشە لە دراوسێیەکانمان دەکەن، بە درۆن لە وڵاتانی عەرەبی برامان دەدەن، ئایا مەعقوولە هێزێک لەناو عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئوردن و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەم وڵاتانە و، لە ناوخۆشدا بۆ هەرێمی کوردستان؟ کێشەکەی ئێمە بابەتێکی کەسی نییە لەگەڵ حەشد، بۆچوونی ئێمە بۆچوونێکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی عێراقە. ئێمە پێمان وایە کە بەپێی دەستووری عێراق و بەپێی ئەو کارنامەیەی حکومەت کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا پێشکەشی کرد و تێیدا بە روونی گوتراوە و هاتووە کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەمەیە پرسەکەی ئێمە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ئەم هێزانە لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بن کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە و لەژێر فەرمانی ئەودا بن و هەرچی زووترە چارەسەرێک بۆ پرسی فەسائیل بدۆزرێتەوە، من پێم وایە کە پێویستە فەرماندەکانی ئەم هێزانە خۆیان بگەنە خاڵێک ئایا بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە کە ئەوان ئەم چەکەیان هەبێت و بە ئارەزووی خۆیان بەکاری بهێنن؟ پرسیاری گەورە لەوە دروست دەبێت: کێ لە عێراقدا حوکم دەکات، سەرۆکوەزیران حوکم دەکات یان هێزە سیاسییەکان حوکم دەکەن یان کۆمەڵە کەسانێک کە لە یاسا دەرچوون و ئەوەی دەیکەن بەڕاستی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، ئایا ئەمان لە عێراقدا حوکم دەکەن؟
ئێمە کە دەچینە دەرەوە، هەموو جارێک بە کۆمپانیا گەورەکان دەڵێین وەرن لە عێراقدا سەرمایەگوزاری بکەن، وەرن لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن. بەڵام پرسیاری یەکەمی هەموو کۆمپانیایەک کە دەیەوێت بێتە عێراق ئەمەیە: ئەرێ ئەمنییەت هەیە؟ مەعقوولە فەسائیل هەندێک کۆمپانیای نەوت لە باشووری عێراقدا بکەنە ئامانج و لێیان بدەن! بۆیە ئەو کۆمپانیایانە بۆ عێراق نایەن.
کەواتە بۆچوونی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بابەتی فەسائیل لە چوارچێوەی خێری عێراقدایە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ئێمە، هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراقی، پشتگیری لە سەرۆکوەزیران بکەین و لەپێناو بەرژەوەندیی عێراقدا دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە چەک دابنێن و بێن تێکەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق ببن و تێکەڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ببن. ئەوەشی کە زۆر زۆر گرنگە ئەوەیە کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی حکومەتدا بێت.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، رەنگە لە کاتی بەشداریت لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا ئاماژەت بۆ ئەوە کردبێت، کاتێک لە بەردەم ئامادەبوواندا پرسیارێکت ئاراستەی بەڕێز ئەلزەیدی کرد و گوتت: "ئایا لە بەردەم ئەمریکییەکاندا خۆت پابەند کردووە بەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت؟" لێرەدا پرسیارێکمان بۆ دروست دەبێت، هاوکات جەنابت ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کە رەنگە عێراق بەرەو گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی بخزێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا زانیاریت هەیە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئێمە وەک عێراق پابەندبوونەکانمان بەرامبەر ئەمریکییەکان جێبەجێ نەکەین و چەک نەخرێتە دەست دەوڵەت، ئایا عێراق رووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: جارێ من پێم وایە، یەکەم بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەمە پابەندی نییە بەرامبەر بە ئەمریکا، ئەمە ئەو پابەندییەیە بەرامبەر بە عێراق. بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پابەندییەک نییە بەرامبەر بە ئەمریکا، بۆ دەبێت ئێمە وای پێشان بدەین کە ئەمە پابەندییەکی عێراقە بەرامبەر بە ئەمریکا؟ ئەمریکا لە رۆژێکدا هاتووەتە ئەم وڵاتە و رۆژێکیش ئەم وڵاتە بەجێ دەهێڵێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەمێنێت ئێمەین، ئێمەین کە خەڵکی عێراقین و دەمێنین. ئەمە پابەندییەکی ئەمریکی نییە. با بە شێوەیەکی تر قسەی لەسەر بکەین، ئەرێ بەرژەوەندیی عێراق لەمەدایە کە ئێمە تەواوی چارەنووسی خۆمان بدەینە دەستی هەندێک خەڵک کە لە یاسا دەرچوون؟ هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار جار بۆردوومان کراوە، واز لە هەرێمی کوردستانیش بهێنە، بارەگای ئاسایشی عێراقیان لەناو بەغدادا بۆردوومان کردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم هێزە چ قازانجێکی بۆ عێراق هەیە؟ واز لە ئەمریکا بهێنە، بۆ دەبێت ئێمە ئەم دوو شتە بەیەکەوە گرێ بدەین؟ ئەمریکا بابەتێکی جیایە، ئەمریکا کاتێک لە ساڵی 2014ـدا هاتە عێراق بە بانگهێشتێکی فەرمیی عێراق هات، عێراق بە نامەی فەرمی داوای لە ئەمریکا کرد بێت لە بابەتی داعش یارمەتیی عێراق بدات.
بۆچوونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چییە؟ ئێمە سوپاسی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکەین کە لە پرسی داعشدا یارمەتیی عێراقیان دا، سوپاسیان دەکەین، سوپاسی ئەمریکا و هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، بەڵام داعش بە خوێنی سوپای عێراق و بە خوێنی حەشدی شەعبی و بە خوێنی پێشمەرگە شکستی هێنا. هەموومان پێکەوە ئەوەمان کرد. بۆچی ئەوەمان کرد؟ بۆ ئەوە کردمان کە داهاتوویەکی باش بۆ نەوەی دوای خۆمان بەجێ بهێڵین، بۆ ئەوە نەمانکرد کۆمەڵێک لە لەیاسا دەرچووان لەم وڵاتەدا حوکم بکەن.
ئەم بابەتە، بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکاوە نییە. با من بێمە سەر پرسی ئەمریکا، هێزەکانی ئەمریکا بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق، خشتەیەکی کاتیان بۆ دانراوە، کە بەپێی ئەو خشتەی کاتە عێراق بەجێ دەهێڵن و ئەو خشتەیە لە کۆتایی مانگی نۆ تەواو دەبێت. من ئەو پرسیارەم لە سەرۆکوەزیران کرد لە کۆبوونەوەکەدا: ئایا جەنابتان بەو خشتەی کاتەوە پابەندن؟ گوتی: بەڵێ ئێمە پابەندین. هەندێک هەن وا تەسەوور دەکەن کە بەپێی رێککەوتنێکی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانن. نا، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر بەپێی ئەو رێککەوتنەیە کە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەمریکا کردوویەتی و ئەمریکا ئێستا بە خشتەی کاتەکەی خۆی پابەندە، بەپێی ئەو خشتەی کاتەش تاوەکو کۆتایی مانگی نۆ ئەوان هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.
بەڵام با من ئەوە بڵێم و رووی قسەم لە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق و لە گەلی عێراقە، بە خودا ئەگەر عێراق ئەم کێشەیە چارەسەر نەکات کە بابەتی فەسائیلە، عێراق تووشی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێت و تووشی گۆشەگیریی هەرێمایەتیش دەبێت. وڵاتانی دراوسێی عێراق زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەن، وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، من دەزانم کە وڵاتانی کەنداو، ئیمارات چەند پێی خۆشە وەبەرهێنان لە عێراق بکات، من دەزانم سعوودیە چەند پێی خۆشە، من دەزانم قەتەر چەند حەز دەکات. بەڵام ناکرێت. ئێمە دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامە. بە لای ئێمەوە عێراق یەکەمە. ئەگەر ئەم دروشمەی ئێمە کە زۆر جار باس لەوە دەکرێت "العراق أولاً"، مادام ئەمە دروشمی هەموومانە، بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە کۆمەڵێک لەیاسا دەرچوو بێن و کێشە بۆ عێراق دروست بکەن. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، سەرۆکوەزیران خۆی پابەند کردووە بەم پرسە. دەستووری عێراق زۆر بە روونی ئەمەی باس کردووە. جەنابی سەرۆکوەزیران لە پێشکەشکردنی کارنامەی حکومەتدا وەک پابەندییەک ئەمەی دەربڕیوە و ئێستا پێویستی بە پشتیوانیی هێزە سیاسییەکانە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پشتگیری لەو پرسە دەکەین. سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراقە لە فاوەوە هەتاوەکو دەگاتە زاخۆ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە لە فاوەوە هەتاوەکو دەگاتە زاخۆ. بە لای ئێمەوە وایە، ئێمە وا سەیری دەکەین. ئێمە وا سەیری ئەم پرسە دەکەین. بەڵێ هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە، ئەم چوارچێوە دەستوورییە دەبێت رێزی لێ بگیرێت و دەبێت ئەم دەستوورەش جێبەجێ بکرێت. بەڵام، کاک هیشام، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە ناکەین بەرژەوەندیی ئەم هەرێمە لە چیدایە، ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە دەکەین بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە و بە جدییش حەز دەکەین عێراقێک بێت کە هەموو پێکهاتەکانی هەست بە ئارامی و بە خۆشی بکەن و، هەنگاو بنێین بەرەو باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک کە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن لەوەی کە ئێستا هەیە.
پێشکەشکار: بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆک، بە راشکاوی هەموو ئەوانەی فەرمووت لە بەرژەوەندیی ئێمەدان وەک عێراق کە هەنگاو بەرەو ئەو بابەتە یان ئەو پرۆژەیە بنێین، بەڵام ناتوانین ئەم بابەتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جیا بکەینەوە، چ بە پابەندبوون بێت یان بەبێ پابەندبوون؛ چونکە لە ئەنجامدا دارایی و پارەی عێراق لە ئەمریکایە. ئەمریکییەکان خۆیان بە خاوەن فەزڵ دەزانن لە رووخاندنی رژێمی سەددام و دامەزراندنی سیستەمە نوێیەکەدا. ئێستاش بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە پێی دەگوترێت "رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"، واتە کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی نەخشەیەکی نوێ. هەموو ئەم ئاڵۆزییانە وا دەکەن بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا کۆ ببێتەوە کە سەرەتا چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکرێتەوە، پاشان باسی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێمە و ئەمریکا بکەین. بەڵام ئەگەر چەک دانەماڵرێت یان لە دەستی دەوڵەتدا کۆ نەکرێتەوە، ئایا عێراق رووبەڕووی سزای ئەمریکا دەبێتەوە؟ ئایا دەست لەسەر پارەکانی عێراق هەڵدەگیرێت؟ هەموو ئەمانە پرسیارن و دەکرێن. وەک هەرێمی کوردستان چ زانیارییەکتان بەدەست گەیشتووە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەراستیدا عێراق بارودۆخێکی زۆر تایبەتی هەیە. کاتێک عێراق نەوتەکەی دەفرۆشێت، پارەی نەوتەکە راستەوخۆ بۆ خۆی ناگەڕێتەوە، بەڵکو دەچێتە بانکی فیدراڵی لە ئەمریکا و لەوێوە دەهێندرێتەوە بۆ عێراق. رەوشی ئابووریی عێراق لە خراپترین ئاستدایە، ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە و بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، گەورەترین کێشەی ئەم ناوچەیە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە. سەبارەت بە مەلەفی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە پێشتریش قسەم لەسەر کردووە، با بڵێین داوایەکی ئەمریکییە، بەڵام لەراستیدا پێش ئەوەی داوایەکی ئەمریکی بێت، دەبێت داواکارییەکی عێراقی بێت. واز لە ئەمریکا بێنن و بێنە سەر داواکارییە عێراقییەکە. من خۆم و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان وای دەبینین کە ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت، عێراق رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە و لەسەر ئاستی ناوچەکە پەراوێز دەخرێت و تووشی دابڕان دەبێت لە دەوروبەرە عەرەبی و ناوچەییەکەی. ئەمە تێڕوانینی منە.
پێشکەشکار: باشە، لە ئەنجامدا جەنابت پەیوەندیت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بە راشکاوی کاتێک پرسیاری جەنابتیان لێ دەکەم، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان رێزی تەواویان بۆت هەیە. ئایا زانیاریت پێ گەیشتووە کە گرووپە چەکدارەکان ئامادەییان تێدایە؟ هەندێک دەڵێن ئەم دۆسیەیە بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی، هەندێکی تر بەرەو ئاراستەیەکی تر دەچن و دەڵێن ئەم بابەتە بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکەینەوە و گرووپەکان هەڵبوەشێنینەوە، دەبێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین، ئایا ئەمە راستە؟
نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە ئەمە بابەتێکی تەواو عێراقییە. دەبێت بگەڕێینەوە و بڵێین پێویستە یەکەم کاری ئێمە دەستنیشانکردنی ئەوە بێت کە بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە. بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. بەڵام سەبارەت بە بابەتی ئێران، بۆ ئەوەی راشکاوتر بم، لە دوایین سەردانمدا بۆ تاران، لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ ئێرانییەکان کرد، چونکە ئێمە لە هەموو گەشتێکماندا بۆ دەرەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆکوەزیران دەکەین، ئەم بابەتەش یەکێک بوو لەو پرسانەی سەرۆکوەزیران داوای کرد بیورووژێنم. لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەم لەسەر ئەم بابەتە کرد و دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم ئەوەی بە راشکاوی لە بەرپرسانی ئێرانییەوە گوێم لێ بوو، پێیان گوتم: بە سەرۆکوەزیران زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین لەم پرسەدا. پێم گوتن: ئایا ئەمە هەڵوێستی فەرمیتانە؟ گوتیان: بەڵێ، ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە.
پێشکەشکار: کێ ئەمەی پێ راگەیاندوویت؟ پزیشکیان؟
نێچیرڤان بارزانی: نامەوێت بڵێم کێ ئەمەی پێم گوت، بەڵام ئەوانە ئەو بەرپرسە ئێرانییانە بوون کە بەرپرسیارییەتیی ئەم مەلەفەیان لەدەستدایە.
پێشکەشکار: ئەو بەرپرسە لە دۆسیەی عێراق..
نێچیرڤان بارزانی: بەرپرسی مەلەفەکە دوو جار جەختی کردەوە و گوتی بە زەیدی بڵێ. چونکە من لەبارەی ئەم مەلەفەوە قسەم لەگەڵ کردن، گوتم ئەگەر دەتوانن لەم مەلەفەدا هاوکاریمان بکەن، ئێمەش لە عێراق وەک دراوسێ چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکەین هاوکاریمان بکەن. من وای دەبینم ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە نەک تەنیا عێراق. بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا چییە؟ بازرگانیی ئێستامان لە عێراق لەگەڵ ئێران، جگە لە بابەتی گاز و شتەکانی دیکە، نزیکەی 12 ملیار دۆلارە و بۆ ئێمە باشترە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بەهێزتر بکەین. پاشان لێرەدا پرسیارێکی جدی دروست دەبێت ئەگەر ئەم گرووپە چەکدارانە لە خۆیان بپرسن: سوودی ئەم کارانەی لە عێراق دەیکەن چییە؟ تەنانەت ئەو درۆنانەی لەبەردەستیاندایە چی سوودێکیان هەیە؟ ئەگەر بە عەقڵانییەتەوە بیر بکەنەوە، بڕوانن چییان بەدەست هێناوە و چ ئامانجێکی گەورەیان پێکاوە؟ هیچ، جگە لەوەی زەرەریان لە ناوبانگی عێراق داوە و زیانیان بە گەلی عێراق گەیاندووە. بە بەردەوامبوونیان، زیانەکان گەورەتر دەبن. ئەگەر بابەتەکەش ئێران بێت، وەک ئێستا ئاماژەم پێ دا، من یەکێک بووم لەوانەی لەسەر داوای سەرۆکوەزیران ئەم مەلەفەم لەگەڵ ئێرانییەکان تاوتوێ کرد کاتێک ئەم جارە چوومە ئەوێ.
پێشکەشکار: واتە ئێرانییەکان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ هاوکاریکردنی زەیدی..
نێچیرڤان بارزانی: بە راشکاوی، جارێک پرسیارم کرد و دوو جار وەڵامیان دایەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببم. لە جاری دووەمدا دیسان گوتیان بە سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین.
پێشکەشکار: بە راشکاوی..
نێچیرڤان بارزانی: بە تەواوی راشکاوییەوە.
پێشکەشکار: مێژوو ئەوەی فێر کردووین کە لە هەموو قۆناغێکدا یاخیبووانێک هەن، تەنانەت بەرامبەر بڕیار و رێککەوتنەکانیش..
نێچیرڤان بارزانی: رێک وایە.
پێشکەشکار: ئەمە مێژووە..
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: رێک وایە.
پێشکەشکار: لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەندێک لە گرووپەکان یاخی ببن و چەکەکانیان رادەست نەکەن یان چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ نەکرێتەوە، ئەم پرسیارە رەنگە بمبات بەرەو پرسیارکردن لە داواکارییەکەی ئەلزەیدی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، کاتێک داوای رێگەپێدانی لە سەرکردەکانی وڵات لە ئامادەبووان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوە لە یەکەم رۆژی مانگی دەدا، ئەگەر گرووپەکان نەیانەوێت چەکەکانیان رادەست بکەن. بەپێی بیستراوەکان و ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، ئێوە رێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی لەم بابەتەدا. ئایا ئەمە راستە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەراستیدا لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازمان کرد دەسەڵات بدرێتە سەرۆکوەزیران زەیدی و، نزیکەی کۆدەنگییەکی گشتی هەبوو لە کۆبوونەوەکەدا.
پێشکەشکار: کۆدەنگی؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ کۆدەنگی. بەیاننامەیەکی روونیشمان لەبارەی ئەم بابەتە دەرکرد. سەرجەم هێزەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیران دەربڕی. بەڵام من بە شەخسی پێم وایە ئێستا و پێش چوونە ناو هەر رووبەڕووبوونەوەیەک پێویستی بە دیالۆگ هەیە لەگەڵ ئەوانەدا و، بنەمای ئەم دیالۆگەش یەک خاڵی سەرەکی بێت ئەویش: بەرژەوەندیی عێراق لەم بابەتەدا لە کوێدایە؟
بابەتەکە ئەوە نییە ئێمە ئارەزووی رووبەڕووبوونەوە بکەین، هیچ کەسێک ئارەزووی ئەمە ناکات و دەبێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنین کە کەسانێک هەبن بخوازن شیعە بە گژ شیعەدا بچێت و کورد بە گژ کورددا بچێت، یان کێشە لەنێوان کورد و شیعە و، لەنێوان سوننە و شیعەدا هەبێت. بەرژەوەندیی هەموومان لە عێراقدا دەبێت یەک بێت. پێم وایە لێرەوە و لە کاتێکی نزیکدا، پێویستیمان بە دیالۆگێکی راشکاو و روون و بەبێ موجامەلە هەیە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا. تاوەکو ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هەندێک لەوانەی چەکیان لەدەستدا بوو تێگەیشتنیان بۆ رەوشەکە هەبوو و ئامادە بوون دەستبەرداری چەک ببن. بەڵام ئەوانی دیکە دەبێت یەکسەر دیالۆگێکی جدییان لەگەڵدا بکرێت، دیالۆگێکی جدی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتی عێراق. ئەوانیش بە دڵنیاییەوە بەشێکن لەم بەرنامەیە و لە بەرژەوەندییەکانی عێراق. لە حاڵێکدا ئەگەر ئەمە روو نەدات، پێم وایە بژاردەکانی دیکەی بەردەم عێراق زۆر سنووردار دەبن. لە کاتێکدا ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە پشتگیری لە بەرنامەی حکومەت دەکەین و، پشتگیری لە پێویستیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەین و، پشتگیری لە حکومەتی عێراق دەکەین.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، ئێمە هیوادارین نەکەوینە ئەم قۆناغەوە، قۆناغی رووبەڕووبوونەوە و شەڕ، بەڵام ئێوە رێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی کە ئەگەر هەندێک گرووپ لە بڕیاری رادەستکردنی چەک یاخی ببن، ئەوا حکومەت بە هێزە ئەمنییەکانی خۆی رووبەڕوویان ببێتەوە. ئایا پشتگیری لەم بڕیارە دەکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: با ئەمە بڵێم: سەرجەم هێزە سیاسییەکان گوتیان پشتگیری لە سەرۆکوەزیران دەکەن. دەبێت هەموومان پشتگیریی لێ بکەین، چونکە بابەتەکە شەخسی نییە، بابەتی عەلی زەیدی نییە وەک سەرۆکوەزیران، بەڵکو بابەتەکە تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ئەو ئێستا ئەم بارە قورسەی لەسەر شانە بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت وەک هێزە سیاسییەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە لە کورد، سوننە، تورکمان، مەسیحی و ئێزدی، دەبێت پشتگیری لە سەرۆکوەزیران بکەین، چونکە بابەتەکە شەخسی نییە، بەڵکو لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی عێراقە.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، مادام باسی بابەتی کۆکردنەوەی چەک و ئەو رووداوانە دەکەین کە لە سەردەمی رابردوودا روویان داوە، بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرش بووەتەوە بە مووشەک و درۆن، بەڵام لە ئەنجامدا و تاوەکو ئەم ساتەش، ئەو لایەنەی بۆردوومانی هەرێمی کوردستان دەکات نادیارە و هیچ روونکردنەوەیەکی ئاشکرای بۆ نییە. پرسیارەکە سادەیە: ئەو لایەنە کێیە کە بۆردوومانی هەرێمی کوردستان دەکات؟
نێچیرڤان بارزانی: لەراستیدا بابەتەکە روونە و نادیار نییە. دەزانیت ئەم پرسیارە زۆر دووبارە دەبێتەوە. کاتێک بۆردوومانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، پێیان دەگوتین بەڵگە و زانیاریمان پێ بدەن چونکە ئەنجامدەرەکەی ناناسین. جیهانی ئەمڕۆ زۆر پێشکەوتووترە لەم جۆرە قسانە. کاتێک بۆردوومان لە هەر شوێنێکی عێراقدا ئەنجام دەدرێت، زۆر بە روونی دیارە لە کوێوە بۆردوومانی چ شوێنێک کراوە، تەکنەلۆژیا و مانگە دەستکردەکان چاودێریی هەموو شتێک دەکەن و هەموو شتێک زانراوە. بابەتەکە پێویستی بە هەموو ئەمە نییە. ئەوانەی بۆردوومانی هەرێمی کوردستانیان کرد گرووپگەلێکی دیاریکراون و زۆربەی کردەوەکانی بۆردوومان لە ناوخۆی عێراقەوە بوون و هەندێکیشیان لە ماوەی 40 رۆژی شەڕدا لە ئێرانەوە ئەنجام دراون...
پێشکەشکار: ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لە کوێوە دەکرێن؟ لە چ ناوچەیەکەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: لە مووسڵەوە، لە دیالەوە، لە پارێزگای سەلاحەدینەوە، لە کەرکووکەوە و لە تەلەعفەریشەوە.
پێشکەشکار: ئەمە واتای ئەوەیە دەبێت بزانن کێ دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە، چونکە ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی لەدەستدایە، هەر ئهویش بۆردوومانەکە دەکات..
نێچیرڤان بارزانی: زانیاریی 100% پشتڕاستکراوە هەیە، مەسەلەکە ئەوە نییە ئێمە نەیانناسین، ئێمە تەنانەت ئەو یەکانەش دەناسین کە ئەم کردەوانە جێبەجێ دەکەن، زانیاریمان لەسەر هەموو ئەمانە هەیە و زانیاریی وردن...
پێشکەشکار: کەواتە بۆچی لەگەڵ سەرکردەی ئەم گرووپانەدا قسە ناکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسە دەکەین، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە دەکەین و، لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق قسە دەکەین، ئەگەر بواریشمان بۆ بڕەخسێت ئامادەین لەگەڵ گرووپەکانیشدا قسە بکەین. بەڵام ئەوان بە دڵنیاییەوە خۆیان لە بینینمان دەدزنەوە، بەڵام ئەگەر توانیمان بەیەکەوە دابنیشین بە هەموو روونی و راشکاوییەکەوە قسەیان لەگەڵ دەکەین. لە کاتی خۆیدا لەگەڵ هەندێکیان لەسەر ئەم بابەتانە قسەم کردووە، لەگەڵ هەندێک لەو گرووپانە رووبەڕوو قسەم کردووە، بە دڵنیاییەوە پێش ئەم رووداوانە.
پێشکەشکار: کەواتە جەنابی سەرۆک، ئێستا بۆردوومان یان هێرشەکان رەنگە وەستابن و، لەم دواییانە و لەم رۆژانەی رابردوودا دەستدرێژیمان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەبینیوە، نە بە درۆن و نە بە مووشەک. ئایا ئەمە بەهۆی رێککەوتن یان نیمچە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکایە؟ ئەگەر شەڕەکە سەری هەڵدایەوە و نوێ بووەوە، ئایا هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە دەکرێتەوە ئامانج؟ بۆچی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێین: بۆچی هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەمە لەراستیدا لای ئێمەش پرسیار دروست دەکات: بۆچی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟ ئێمە وەک قەوارەیەک بەشێک نین لە جەنگ و، هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشێکن لە عێراق. لەبری ئەوەی ئەم پرسیارە رووبەڕووی ئێمە بکرێتەوە، من ئەم پرسیارە لە سەرکردایەتیی ئەم لە یاسا دەرچووانە دەکەم و پێیان دەڵێم: تکایە، دەکرێت هۆکاری ئەوەمان پێ بڵێن کە پاڵتان پێوە دەنێت بۆ بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان؟ وەک پێشتریش گوتم، ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە ئەمریکاوە هەبێت، ئەمریکا بەپێی خشتەی کاتی خۆی دەکشێتەوە و، ئەگەر ئامادەیی ئەمریکاش لەسەر بنەمای رێککەوتنێک بێت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کە هەرێمی کوردستان هیچ دەستێکی تێدا نییە، بەڵکو بەپێی رێککەوتنێکە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج؟ ئایا ئێمە عێراقی نین؟ ئایا ئێمە مرۆڤ نین لەم وڵاتەدا دەژین؟ ئایا ئەو هاووڵاتییەی لە هەرێمی کوردستان دەژی هاووڵاتییەکی عێراقی نییە؟ ئایا بە پاسپۆرتی عێراقی گەشت ناکات؟ ئێمە عێراقین و ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ئەوەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو هەموو عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکاتە ئامانج. نازانم بانگەشەی چی لەناو عێراقییەکاندا دەکەن لە کاتێکدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە بەرەی بەرگرین (موقاوەمە)، بەرەی بەرگری دژی کێ؟ نازانم. ئەوەی دەیکەن زیان بە سەرجەم عێراق دەگەیەنێت. تەواوی عێراق لە رەفتاری ئەوان زەرەرمەند دەبێت و، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق زەرەرمەند دەبێت.
پێشکەشکار: ئێستا بەرگری (موقاوەمە) کاتێک هێرش دەکات، زیان لە بوونی ئەمریکا نادات، بەڵکو کاریگەریی خراپ لەسەر عێراق دروست دەکات..
نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە، ئەگینا با یەکێک لە ئامانجەکانم پێ بڵێن، با بێن و دابنیشین تاوەکو بزانین کاریگەرییان چی بووە لەسەر ئەو رێککەوتنەی کە بە هۆیەوە ئەمریکا لە هەولێر بوونی هەیە. بڕوام پێ بکە کاریگەرییان لەسەر ئەمریکا دروست نەکردووە بەڵکو کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و سێکتەرە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کردووە کە ژێرخانی ئابووریی عێراقن، بەڵام چونکە لە هەرێمی کوردستاندا هەن لێیان دەدەن. هیچ شتێکیان بەدەست نەهێناوە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک دروشمی گەورە بەرز دەکەنەوە و قسەی گەورە دەکەن، بەڵام لە ئەنجامدا و کاتێک ورد دەبیتەوە و لێکۆڵینەوە دەکەیت نابینیت توانیبێتیان هیچ شتێک ئەنجام بدەن، وەک ئەوەی کۆتایی بە ئەمریکا بهێنن، من بە خۆم هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەوان نابینم.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، ئەگەر بەرگری (موقاوەمە) خزمەت بە ئامانجەکانی عێراق نەکات، کەواتە خزمەت بە ئامانجی کێ دەکات؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکە، ئاراستەی خۆیانی بەرگری بکە، تاوەکو لەوانی بزانین خزمەتی کێ دەکەن. ئەوەی بۆ من گرنگە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمانە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەن؟ وەڵامەکەش نەخێرە.
پێشکەشکار: کەواتە بوونی بەرگری (موقاوەمە) هیچ سوودێکی نییە؟
نێچیرڤان بارزانی: نە بە خودا، هیچ قازانجێکی نەبووە. کام بەرگری؟ بەراستی بەرگری لە چی دەکەن؟
پێشکەشکار: ئەمریکا..
نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا خۆی بڕیاری رۆیشتنی داوە، ئەمریکا بڕیاری داوە کە دەکشێتەوە و تەواو. وەک ئاماژەم پێ دا ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی عێراق دژی داعش هاتە ئەم وڵاتەوە و، ئەرکی ئەمریکا لە مانگی نۆدا کۆتایی پێ دێت، بۆیە هیچ پاساوێک نییە. لەگەڵ رێزیشم، ئەگەر ناو لە خۆیان دەنێن بەرگری، هیچ پاساوێک نییە چەک لە دەستی ئەم گرووپانەدا بێت و بە ئارەزووی خۆیان و بە خۆڕایی کێشە بۆ ئەم وڵاتە دروست بکەن.
پێشکەشکار: خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق ناکەن..
نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، هەرگیز.
پێشکەشکار: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی کەسانی تر بکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: بەپێی ئەوەی من دەیبینم، نەخێر. بەپێی تێڕوانینی من، ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەمانە هاوکاری یان خزمەتی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە دەکەن، بەپێچەوانەوە زیانی زۆر زیاتر لە قازانجەکانیان دەگەیەنن.
پێشکەشکار: گەیشتینە خاڵێک کە تەوەرەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەغدا. ئێوە لە رێگەی قسەکانتانەوە، دەبینم گەشبینن بەرامبەر بەڕێز ئەلزەیدی و، گەشبینن بە هەنگاوەکانی بەڕێز ئەلزەیدی سەبارەت بە بەرنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزی واقیع. بەڵام دۆسیەیەکی ئاڵۆزمان لەبەردەمدایە، ئەویش پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە. ئێمە راهاتووین لەسەر ئەوەی هەر سەرۆکوەزیرانێک لە سەرەتادا دێت گەشبینییەک هەبێت، پاشان بەرەبەرە ناکۆکییەکان پەرە دەسێنن تاوەکو کۆتاییهاتنی حکومەت، پاشان هەموو جارێک لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەینەوە. ئایا بەراستی جدییەتێکی راستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم ناکۆکییانە و داڕشتنی پەیوەندییەک بەپێی دەستوور و بەپێی رێککەوتن و بڕیارەکان، یان لەگەڵ کۆتاییهاتنی حکومەتدا پاشەکشەی ئەم پەیوەندییە دەبینینەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارە لەراستیدا زۆر گرنگە. بەراستی ئەم پرسیارە لەگەڵ دەستپێکی هەر کابینەیەکی نوێی حکومەتدا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەر هەڵدەداتەوە. لە سەرەتادا مانگی هەنگوینی دەبێت و پاشان شتەکان تێک دەچن. بەڵام با بە شێوازێکی دیکە بیخەمە روو. من پێم وا نییە جەوهەری کێشەکە لە کەسەکاندا بێت، جەوهەری کێشەکە لە کەسێکی دیاریکراودا نابینم. بۆ نموونە من نییەتی سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە نییەتێکی زۆر باش دەبینم و، هەست دەکەم بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. بەڵام جەوهەری کێشەکە لە کوێدایە؟ جەوهەری کێشەکە لەوەدایە کە ئێمە دوای ساڵی 2003 پێناسەی سیستەمێکمان لە عێراقدا کرد بە ناوی عێراقی فیدراڵی دیموکرات. پرسیاری جەوهەری لە پرسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەم خاڵەدا بەرجەستە دەبێت، پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا عێراق بەراستی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتە؟ یان عێراقێکی مەرکەزییە؟ کێشە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات. کاتێک بەغدا دەڕوانێتە هەولێر، تێڕوانینێک لە بەغدا هەیە پێی وایە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی رەفتار ناکات، بەڵکو وەک قەوارەیەکی کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆ رەفتار دەکات. با واقیعی بین، ئەو شێوازەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا رەفتاری پێ دەکات مەرکەزیترە لە هەموو سیستەمە مەرکەزییەکان. جەوهەری کێشەکە لەدوای 2003ـەوە تاوەکو ئێستا ئەوەیە ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەم خاڵە یەکلاکەرەوەیەی کە ئایا عێراق مەرکەزییە یان فیدراڵییە. سیستەمی عێراق و دەستووری عێراق کە 80%ـی عێراقییەکان دەنگیان پێی داوە، دەڵێت عێراق فیدراڵییە. تاوەکو ئەم ناکۆکییانەش لەگەڵ بەغدا لە رێگەی دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگی برایانە چارەسەر نەکرێن، دەڵێین سیستەمەکەمان فیدراڵییە. سیستەمی فیدراڵی واتە چی؟ واتە وەک عێراقییەک مافمان هەیە و ئەرکمان لەسەر شانە، بەو شێوەیە وەک بەشێکین لە عێراق و وەک عێراقییەک. ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت زیاتر نییە لە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە. ئێستا بەغدا بەپێی یاسا رەفتارمان لەگەڵدا دەکات، بەڵام ئەم یاسایانە دەگەڕێنەوە بۆ کەی؟ بۆ نموونە یاسا داراییەکانی عێراق هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی 2003، یاسا کشتوکاڵییەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە. ئەم یاسایانە رێگرن لە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە فیدراڵییە. بەپێی سیستەمی فیدراڵی ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین و دەبێت کێشەکانمان لەناو چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکرێن و، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی کورد و کوردستانە و، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە بەپێی دەستووری عێراق دانی پێدا نراوە و کێشەکانی دەبێت بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن. بەڵام ئەم ئەڵقەیە ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و بەغدا ونە. دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت. بۆچی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە گرنگە؟ لە رووی سیاسییەوە ئێمە عێراقێکی ئاراممان بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەوێت و داهاتوویەکی باشمان بۆ عێراق دەوێت. کلیل بۆ چارەسەر و بۆ عێراقێکی یەکگرتووی رێکخراوی بێ کێشە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا، چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەپێی دەستووری عێراق و بۆ بەرژەوەندیی تەواوی عێراق. من نییەتی سەرۆکوەزیران زەیدی بە نییەتێکی زۆر باش دەبینم، ئەمەش واتای ئەوە نییە نییەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو خراپ بووبێت، بەڵام دەبینم تاوەکو ئێستاش درک بەم خاڵە نەکراوە لە بەغدا. دەبێت شتەکان یەکلا بکەینەوە، چونکە دوای 23 ساڵ هێشتا داوای عێراقێکی فیدراڵی دەکەین، بەڵام با دانیشتنێکی جدی بکەین و بڕوانین ئایا ئەم عێراقە فیدراڵییە؟ سوێند دەخۆم فیدراڵی نییە و، ئەوەی ئەمڕۆ لای ئێمە هەیە وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت "لە قووتی هیچ عەتارێکدا نییە"، سیستەمێکی سەیرە؛ نە مەرکەزییە و نە فیدراڵییە، تەنانەت خۆشمان نازانین چییە. کێشەکە ئەمەیە...
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، خەریکە هەستێکی وامان لا دروست دەبێت کە هەردوولا ئاسوودەن بەم پەیوەندییەی ئێستا وەک خۆی هەیە، تاوەکو ئێستا نە هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراندنی ئەم بنەمایە هەنگاو دەنێت و نە بەغدا بەرەو ئەم ئاراستەیە دەچێت. ئەوەی باستان کرد ئەڵقەیەکی سەرەکی نییە، بەڵکو بنەمای سەرەکییە بۆ بنیاتنانی ئەم پەیوەندییە. لە ئەنجامدا، ئەوەی تاوەکو ئەم ساتە لە ئەلزەیدییەوە هەستتان پێی کردووە، راستگۆیی تێدایە، بەڵام ئایا ئیرادەی سیاسیی لایەنەکانی تر بوونی هەیە یان نا؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارەم بە راشکاوی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد، ئەوەی پێی دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی. لەراستیدا وای دەبینم راستە دەبێت لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا تاوتوێی بکەین، بەڵام ئەوانەی زیاتر پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە ئەوانەن کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆبوونەتەوە و دەبێت لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ بکرێت. لەگەڵ ئەوانیشدا تاوتوێمان کرد. لەدوای 2003ـەوە ئەگەر بڕوانیتە ئەو قۆناغانەی عێراق پێیاندا تێپەڕیوە لەدوای 2003، دەبینیت عێراق بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕیوە لە کێشەی ناوخۆییەوە تاوەکو دەگاتە شەڕی داعش کە یەقەی عێراقی گرتبوو، ئەمەش وای کرد کارە لەپێشینەکان کەمێک بگۆڕێن. بەڵام پێم وایە دوای هەموو ئەم قۆناغانە، ئەو قۆناغەی ئێستا پێی گەیشتووین قۆناغی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیە، رەوشەکە لە ئێستادا رێگەمان پێ نادات پاساو بهێنینەوە وەک شەڕی داعش و شەڕی دژی تیرۆر و شتی لەو بابەتە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بیر لە رێگەیەک بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و، چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا ئەگەر ئەم چارەسەرە بێتە دی، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێکی زۆر باشتر لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لەگەڵ براکانمان لە بەغدا. لە هەموو حاڵێکیشدا، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا.
پێشکەشکار: رەنگە پێویستمان بە حکومەتێک بێت کە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە، تاوەکو ببێتە یەکەم کاری لە پێشینەی خۆی، چونکە حکومەتی ئێستا دروشمی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەرز دەکاتەوە و ئەمە کاری لەپێشینەیە و، حکومەتی پێشوو دروشمی خزمەتگوزارییەکان و، حکومەتی پێش ئەویش بە هەمان شێوە... بۆیە پێویستمان بە حکومەتێکە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە و پێم وایە ئەمە دەبێتە بابەتی سەرەکیی ئەو.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەشێکیشە لە چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. بەڵام رای من ئەوەیە دەبێت بگەیەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی عێراق، چونکە عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە بەردەوام بین لەسەر گوتنی ئەوەی کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە. دەبێت ئەم مەلەفە بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت.
پێشکەشکار: هیوادارین وا بێت، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا لە عێراقدا هەن، تۆمەت دەبەخشنەوە. قەیرانی متمانەش هەیە. ئەم لایەنە سیاسییانە، سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێک بۆ هەرێمی کوردستان نییە و دۆخ باشە و، هەمووان لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا بەبێ هیچ تۆمەتێک دانیشتن. بەڵام ئەم لایەنە سیاسییانە خۆیان جۆرەها تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش لە قەیرانی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. نازانین چ ناوێکی لێ بنێین، بەڵام واقیعێکی سیاسی و قەیرانێک لەنێوان ئێوە و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، مەبەستم هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعییە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو تۆمەتە زۆرانەیە کە دەیانبیستین، لەوانە بۆ نموونە کە دەگوترێت بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر هەیە و، هەولێر پەنای تیرۆریستان دەدات و، هەولێر هاوکاریی بەغدا ناکات، هەموو ئەم تۆمەتانە لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە دەگوترێن. ئەمەش قەبارەی قەیرانەکە دەسەلمێنێت. وەڵامت چییە بۆ ئەم تۆمەتانە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەراستیدا ئەم تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە، مەبەستم ئەوەیە ئەوەی دەگوترێت هیچ بنەمایەکی نییە. یەکەم، پرسی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی بەغدایە و ئێمە هەنگاوەکانمان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەغدادا دەنێین، ئەمە لەو رووەوەی کە پەیوەندیی بە پرسی پەیوەندییەکانەوە هەیە. بەڵام سەبارەت بە پرسی هاوئاهەنگی و مامەڵەکردن، ئێمە باشترین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و، لە رووی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانەوە باشترین پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە و، کاتێک دەڵێم هەولێر مەبەستم سەرجەم هەرێمی کوردستانە، باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە لە پرسی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریدا و، لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا باشترین هاوئاهەنگی لەنێوان ئێمە و سوپای عێراقدا هەیە و، سەبارەت بە تۆمەتبارانیش هاوئاهەنگییەکی نایاب لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەیە. لەراستیدا ئەم بابەتانەی باسیان لێوە دەکرێت، لە حاڵێکدا ئەگەر باس بکرێن، بە هیچ شێوەیەک بنەمایان نییە و، لەبری ئەوەی ئەم شتانە لە رێگەی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ببیستین بە ئامانجی دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا، پێم باشترە لەگەڵ خۆماندا قسەی لەسەر بکەن. ئێمە ئامادەین و کراوەین بۆ قسەکردن لەسەر یەک بە یەکی هەموو ئەم مەلەفانە.
پێشکەشکار: کەواتە ئەم تۆمەتانە پووچن و لە ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
نێچیرڤان بارزانی: لە سەدا سەد پووچن.
پێشکەشکار: 100%
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، 100% پووچن.
پێشکەشکار: لە ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە. کەواتە لایەنە سیاسییەکان چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت، هەندێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکە.
پێشکەشکار: بە دڵنیاییەوە خوا یار بێت پرسیاریان لێ دەکەم.
نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکە. وەک پێشتریش پێم گوتی، ئێمە خۆمان بە بەشێک لەم وڵاتە دەزانین و، خۆمان بە بەشێک لە نەسیجی کۆمەڵایەتیی عێراق دەزانین. لە رووی سیاسییەوە ئێمە بەشدارین لە حکومەتدا، لە حکومەتی بەغدا و، بەشدارین لە پەرلەمانی عێراقدا و، دەمانەوێت بەشدار بین لە دامەزراوە عێراقییەکاندا، سەرباری ئەوەی رێژەی کورد لە دامەزراوە عێراقییەکاندا کەمە. ئەوەی ئێمە خۆمانی تێدا دەبینینەوە، خۆمان بە بەشێک لەم وڵاتە دەبینین و، ستراتیژیمان زۆر روونە و دەمانەوێت کێشەکانمان لەناو عێراقدا چارەسەر بکەین.
پێشکەشکار: یەکێک لە قەیرانەکانی تر، جەنابی سەرۆک، قەیرانی داراییە. هەمووان باسی ئەو قەیرانە داراییە دەکەن کە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، قەیرانێکی زۆر مەترسیدارە. داخرانی گەرووی هورمز و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی و نەبوونی داهات بۆ دەوڵەت، دڵەڕاوکێی لەلای هەمووان دروست کردووە، چ هاووڵاتییان و تەنانەت سیاسییەکان و سەرکردەکانی وڵات. ئایا ترستان لە قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانە هەیە؟ هەرێمی کوردستان بەبێ قەیرانیش بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، ئەی چۆن لە سایەی ئەم قەیرانەدا؟
نێچیرڤان بارزانی: دیارە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەی لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە دروست بوو، لەراستیدا عێراق زەرەرمەندێکی گەورەی ئەم شەڕەیە. عێراق بەدەست دوو کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، یەکەمیان ئەوەیە کە کەرتی گشتی لە عێراقدا و ئەوانەی بە مووچەخۆرانی عێراق ناسراون ژمارەیان زۆر زۆرە، حکومەت مانگانە پێویستی بە لانی کەم لەنێوان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلار هەیە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بدات، ئەمە جگە لە پارەی وەبەرهێنان و شتەکانی دیکە. رێگەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقیش هەمووی لە تەنگەی هورمزەوە دەڕوات و ئەم کێشەیەی تەنگەی هورمز وای کردووە عێراق ئەمڕۆ بە قۆناغێکدا تێپەڕێت کە پێویست دەکات سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق هەست بە بەرپرسیارێتی و بە مەترسیی ئەم رەوشە بکەن. رەوشی ئابووریی عێراق زۆر خراپە. بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق رەوشی دارایی عێراقی بۆ هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە روون کردەوە، باسی لە یەدەگی عێراق و لە بەرنامەی عێراق کرد. لەراستیدا هیوادارین قەیرانی ئێستا نەبێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق هاوکاریی حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران بکەن تاوەکو بتوانین لەم قۆناغە تێپەڕین. ئەمە قۆناغێکە من لە رووی ئابوورییەوە بە زۆر مەترسیداری دەزانم. بۆیە بەرژەوەندیی عێراق لە کۆتاییهاتنی شەڕ لە ناوچەکەدا لە نزیکترین کاتدا و لە دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمزدایە تاوەکو عێراق بتوانێت نەوتەکەی بۆ دەرەوە هەناردە بکات. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین، بەڵام ئەم چارەسەرانە درێژخایەنن. ئەگەر عێراق بیەوێت هێڵێکی بۆری لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە رابکێشێت، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین و ئامادەی هاوکاریین لەم بابەتەدا و، ئەگەر بیانەوێت بۆ سووریاشی بگوازنەوە ئێمە ئامادەین. بەڵام ئەمانە هەموویان چارەسەری درێژخایەنن، چارەسەرە دەستبەجێیەکان لەوانەیە کۆمەڵێک چارەسەر بن کە پێویستیان بەوەیە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتی سەرۆکوەزیران بگرن و بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرن.
پێشکەشکار: ئەمە ئەوەیە کە هیوای بۆ دەخوازین، کە هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و، هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان روونن و دیارن، بە تایبەتی دوای رێککەوتنی دوایی بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانییەوە و، هیوادارین چارەسەری دەستبەجێ هەبن چونکە چارەسەرە درێژخایەنەکان هاوکاریی عێراق ناکەن لەم بابەتەدا. جەنابی سەرۆک، لە هەمان بواردا باسی سووریا و دەرچوونی نەوت لە رێگەی بانیاسەوە دەکەین، سەردانێکی گرنگت بۆ سووریا هەبوو کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرع، کۆبوویتەوە. هەندێک دەڵێن لە کاتی سەردانەکەدا لە پەیوەندیدا بوویت لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و تێڕوانینی بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و هەندێک وردەکاریت گواستووەتەوە. بەڵام ئێمە ئەم زانیارییەمان هەیە و وردەکاریمان لا نییە کە چی لەو کۆبوونەوەیەدا گوزەراوە و دیارترین رێککەوتن و قسەوباسەکان چی بوون کە لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرعدا کردووتانە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەراستیدا بە شەخسی پێش ئەم سەردانەم بۆ سووریا، چەندین جار لە تورکیا چاوم بە جەنابی سەرۆک ئەلشەرع کەوتووە و داوای لێ کردووین سەردانی سووریا بکەین. سەردانەکەمان بۆ سووریا بە هاوئاهەنگی و رێککەوتنی تەواو بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە بەغدا، نەک تەنیا لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران، بەڵکو پێش ئەم گەشتەم هاوئاهەنگیم لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراقیش کردبوو. راستە سەردانەکەم بۆ سووریا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک بەرپرسێکی عێراقیش بوو. کۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆماری سووریا زۆر باش بوو. سووریا پێش هەموو شتێک دراوسێی ئێمەیە لە عێراق و، بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەم وڵاتە بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری شاد بێت. لەراستیدا ئێمە وای دەبینین کە دوای رووداوەکان و دوای رووخانی رژێمی پێشوو، جەنابی سەرۆککۆماری سووریا بە شێوازێکی پلانداڕێژراو و رێکخراو هەوڵ دەدات سووریا لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێکی باشتر بگوازێتەوە و، پێمان وایە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە شایستەی ژیانێکی باشترن و، دەبینین ئەم دەرفەتەی گەلی سووریا لە جەنابی سەرۆککۆمار ئەلشەرعدا بەرجەستە دەبێت کە دەیەوێت سووریایەکی سەقامگیر و ئاوەدان بنیات بنێت و داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەی دەستەبەر بکات.
لە لایەکی دیکەوە، جەختمان لەسەر هەندێک خاڵ کردەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە لە عێراقدا دەمانەوێت سنوورەکانمان پارێزراو بن، سنووری نێوان عێراق و سووریا ئارام و پارێزراو و بەبێ کێشە بن. لە رووی ئابوورییەوە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا پەیوەندیی ئابووریی باشترمان لەنێوان عێراق و سووریادا دەوێت و، سەرۆککۆماری سووریاش بەپەرۆشەوە خوازیارە ئەم پەیوەندییە پێش بکەوێت. لە لایەکی دیکەوە جەختمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان رۆڵی هاوکار دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا، وەک ئەو کێشانەی لەنێوان ئەوان و هەسەدەدا هەیە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا و، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، پێشتریش رۆڵمان هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا و، بۆ جەنابی سەرۆککۆماری سووریامان دووپات کردەوە کە ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. ئەوەی من هەستم پێ کرد ئەوەیە پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت لەنێوان دیمەشق و هەسەدەدا و، سەرۆککۆمار جدییە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا.
سووریا دراوسێمانە و گەلی سووریا لە رۆژە سەختەکاندا هاوکاریی زۆری پێشکەشمان کردووە و ئێمە زۆر پەرۆشین بۆ ئەوەی سووریا داهاتوویەکی باشی بۆ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەبێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکەین. لە کاتی گەڕانەوەشمدا لەبارەی ئەم بابەتەوە پەیوەندیم بە سەرۆکوەزیرانمان، زەیدییەوە کرد و، هیوادارین لە داهاتوودا بەڕێز سەرۆکوەزیران سەردانی دیمەشق بکات و، هیوادارین جەنابی سەرۆکی سووریا سەردانی عێراق بکات و وەک دوو دراوسێ ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش ببەین.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، رەنگە یەکێک لە قسەوباسەکان پەیوەندیدار بێت بە کوردی سووریاوە، سەردانەکانی مەزڵووم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەولێر ئاماژە بەوە دەکەن کە مەزڵووم عەبدی بە رێزێکی زۆرەوە تەماشاتان دەکات و پێی وایە بەڕێز مەسعود بارزانی رابەری نەتەوەی کوردە. ئایا ئەمە دەرگا واڵا دەکات بۆ قسەکردن لەسەر پشتیوانیکردنی کوردی سووریا بۆ راگەیاندنی هەرێمێک، یان بۆ جودابوونەوە و، ترس لای سوورییەکان لەم بابەتە دروست دەکات، یان ئێوە پشتیوانی لە یەکپارچەیی سووریا دەکەن و پشتیوانی لە کوردی سووریا و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن؟ یان پشتگیری لە یەکپارچەیی سووریا دەکەن و پشتیوانی لە کوردی سووریا و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای رووخانی رژێم لە سووریا، ئامۆژگاریی ئێمە کە ئاراستەی براکانمان کرد، چ لە هەسەدە یان لە ئەنەکەسە و سەرجەم حیزبەکانی کوردی سووریا، تەنیا لەسەر یەک شت کورت بووبووەوە، پێمان گوتن دەبێت روو لە دیمەشق بکەن و ئاڵای سووریا لە سەرجەم ناوچەکانتاندا هەڵبکەن و کێشەکانتان لەگەڵ سووریادا چارەسەر بکەن. سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی هەرێمێک، ئەگەر بڕوانیتە سووریا دەبینیت ئەوان ناتوانن داوای ئەوە بکەن کە لای ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەیە چونکە لەپێش هەر شتێکی تردا جوگرافیایەکی یەکگرتوویان نییە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بکەین لە دیاریکردنی ئەو مۆدێلەی کە دەبێت لە سووریادا جێبەجێ بکرێت. ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە بەڵکو پەیوەندیی بە سوورییەکانەوە هەیە. هەڵوێستی ئێمەش لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەردەوامە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. بەڵام مۆدێلەکە چۆن دەبێت، دەبێت خۆیان لەگەڵ دیمەشقدا لەسەری رێک بکەون، ئەم بابەتەش تەنیا بۆ کورد نییە بەڵکو بۆ پێکهاتەکانی دیکەشە وەک عەلەوی، درووز و مەسیحییەکان. ئەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆماردا جەختمان لەسەر کردەوە، پێویستیی جێگیرکردنی مافەکانی ئەم پێکهاتانە بوو لە دەستووری سووریادا. سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیکە و چۆنیەتی مۆدێلەکە، ئێمە دەست لە هیچ کام لەوانە وەرنادەین. ئێمە هاوکار دەبین و دەستوەردان ناکەین و تاوتوێکردنی ئەم بابەتانە بۆ خۆیان جێدەهێڵین تاوەکو لەگەڵ دیمەشقدا چارەسەری بکەن.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، پەیامتان لەنێوان بەڕێز ئەلزەیدی و ئەلشەرعدا گواستەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: هەر سەردانێک کە ئەنجامی دەدەین و بۆ هەر وڵاتێک کە گەشت دەکەم، هەمیشە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا دەکەم و کاتێک دەگەڕێمەوە، بەغدا لە ئەنجامی سەردانەکەم ئاگادار دەکەمەوە. رێز و سڵاوی بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان گەیاندە جەنابی ئەلشەرع و، هەروەها جەختکردنەوەی لەسەر پەیوەندییە باشەکان. وەک ئاماژەشم پێ دا، راستە من ئەم سەردانەم وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، بەڵام وەک بەرپرسێکی عێراقییش ئەنجامم دا. واتە سەردانەکە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نەبوو، بەڵکو بە سەرجەم عێراقەوە بوو. وەک پێشم گوتن، هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکوەزیران زەیدی سەردانێکی بۆ دیمەشق هەبێت.
پێشکەشکار:خوا یار بێت. جەنابی سەرۆک، دۆسیەی شەنگال دەمێنێت. رەنگە بپرسیت بۆچی دۆسیەی شەنگالم هێشتەوە بۆ ئەوەی دوای سووریا دوا دۆسیە بێت. بە بڕوای سادەی من، دۆسیەی شەنگالیش ژێردەستەی گوشارە هەرێمییە بەردەوامەکانە. هۆکاری سەرەکی، بەپێی ئەوەی دەیبیستین، ئەوەیە کە گوشارە هەرێمییەکان رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شەنگال دەکەن. بەم هۆیەشەوە لە چوارچێوەی کاروباری نێودەوڵەتیدا تۆمارمان کردووە. ئایا بەراستی گوشارە هەرێمییەکان هۆکاری سەرەکین لەپشت جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەی شەنگالەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: رێککەوتنێکی زۆر باشمان هەبوو کە خۆتان ئاماژەتان پێ دا. رێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا، ساڵی 2020 بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەوکاتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتوو پلاسخارت ئیمزا کرا. لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیە. من وای دەبینم جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیە ئاسایش و ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ شەنگال دەهێنێت. جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەکە تاوەکو ئێستا بەرپرسیارییەتییەکەی دەکەوێتە سەر ئەو هێزانەی لە شەنگالدا هەن. ئێمە زۆر باسی هێزە لە یاسا دەرچووەکانمان کردووە و، بەشێک لەو هێزانەی لەوێ ئامادەییان هەیە لە هێزە لە یاسا دەرچووەکانن. ئەمانە دەبێت لە شەنگال بچنە دەرەوە. دەبێت شەنگال بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی خۆی، وەک دەزانن ئێزدییەکان کاتێک داعش هات رووبەڕووی زوڵمێکی زۆر بوونەوە و، دەبێت هەموومان بابەتی ئێزدییەکان نەکەینە بابەتێکی سیاسی بگرە دەبێت هاوکارییان بکەین تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. لەراستیدا دەبێت لە بەغدا و هەولێر هاوکارییان بکەین چونکە ئەوان شایستەی ژیانێکی باشترن، ئەوەی بەسەریاندا هات کارەساتێکی گەورە بوو چونکە لە ساڵی 2014 و دواتریش رووبەڕووی جینۆسایدێکی گەورە بوونەوە، بە هەمان شێوە بارودۆخی پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش وا بوو، بەڵام ئێزدییەکان زەرەرمەندی گەورەتر بوون. ئێمەش ئێستا دووبارە جەخت دەکەینەوە کە پێمان وایە رێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا رێخۆشکەر و هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، پرسیاری کۆتایی، سەبارەت بە تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و، ئەو ململانێیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕی ئێران، هەروەها تێکەڵەیەک لە سیاسەتی تەوەرەکان کە بەسەر عێراقدا دەسەپێندرێت وا دەکات ببێتە بەشێک لە تەوەرێک لەسەر حیسابی تەوەرێکی تر.. پێشتر و لە هەموو ئەوانەی پێیدا تێپەڕین، عێراق پەیڕەوی سیاسەتی گرتنی دارەکەی لە ناوەڕاستەوە دەکرد، نە لەگەڵ ئێراندا دەبوو و نە لەگەڵ ئەمریکادا و، پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو لایەندا بنیات دەنا، بەڵام ئێستا بەپێی ئەوەی بینیومانە ئاراستەیەک لەلایەن حکومەتەوە هەیە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بیانووی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەنێوان خۆی و ئەمریکادایە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئێراندا نییە بۆ نموونە. ئایا عێراق رێگەی خۆی هەڵبژاردووە لە سیاسەتی تەوەرەکان و چووەتە پاڵ ئەمریکا وەک تەوەرێکی هاوپەیمان، یان هێشتا دارەکەمان لە ناوەڕاستەوە گرتووە؟ و تێڕوانینتان چییە بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە چوارچێوەی هەموو ئەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن؟
نێچیرڤان بارزانی: بەپێی تێڕوانینی من، هەڵوێستی عێراق هەڵوێستێکی بێلایەنانە بوو لەو جەنگەی روویدا. عێراق ناتوانێت لە دەوروبەری خۆی لە ناوچەکە داببڕێت و، عێراق ناتوانێت تەنیا پشت بە وڵاتێک ببەستێت، جا ئەو وڵاتە ئەمریکا بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە. لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە لە عێراقدا نەچینە ناو هیچ میحوەرێکەوە، چونکە عێراق توانای هەیە رۆڵە بێلایەنەکەی بگێڕێت. لە ماوەی جەنگەکەدا گەلێک تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، بەڵام ئێمە زۆر بێلایەن بووین، بۆ نموونە لە شتە گرنگەکان ئەوە بوو کە رێگریمان کرد لەوەی هەرێمی کوردستان بکرێتە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی کێشە بۆ ئێران.
پێشکەشکار: بەڵام ئێران دەڵێت نەخێر، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئامانجیان ئێرانە.
نێچیرڤان بارزانی: رێگەم بدە بپرسم ئایا هیچ کام لەم ئۆپۆزیسیۆنانە ئەمەیان کردووە؟ هەرچەندە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلمی وەک فیلمەکانی جەیمس بۆندیان دروست دەکرد کە گوایە سنووریان بەزاندووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئێمە رێگریمان لە دروستکردنی هەر کێشەیەک کرد بۆ ئێرانی دراوسێمان لە رێگەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە. بۆچی؟ چونکە بنەمای سەرەکی لای عێراق ئەوەیە کە عێراق نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ دراوسێیەکی و، هەرێمی کوردستان کە لەناو عێراقدایە رێگە نادرێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ. ئێمە رێگەمان بەم هێزانە نەدا بپەڕنەوە. راستە ئەم هێزانە لێرەن، بەڵام بوونیان لێرە هی ساڵێک یان دوو ساڵ نییە بەڵکو هی 40 ساڵ پیش ئێستایە و بۆمان ماوەتەوە و، بابەتەکە ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. بەڵام چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت؟ ئەم کێشەیە دەبێت رێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و بەغداوە بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ئەم هێزانە خۆیان و لەگەڵ ئێراندا. بەڵام وەک بنەمایەک ئێمە دژی ئەوەین عێراق بکرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هەر دراوسێیەکمان.
سیاسەتی عێراق تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی زۆر باش کاری کردووە بەپێی تێڕوانینی من. عێراق سیاسەتێکی بەڕاستی هاوسەنگی هەبووە. با دووبارە ئەم مەلەفە نەکەینەوە، بەڵام رێگەپێدراو نییە هەندێک لە یاسا دەرچوو کێشە بۆ سیاسەتی دەرەوەی عێراق دروست بکەن. بەو پێیەی عێراق بە باشترین شێوە رەفتاری کردووە، بەڵام ئەم کێشانە ئێستا بوونەتە بارێکی قورس لەسەر عێراق. من وای دەبینم عێراق نەبێتە لایەن لە هیچ کام لەم کێشانەدا و، دەبێت عێراق هاوسەنگی دروست بکات و بە هەمان مەودا لە سەرجەم لایەنەکان دوور بێت و، پشت بە هیچ وڵاتێک بە تەنیا نەبەستێت.
پێشکەشکار: تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی سیستەمی سیاسی یان پرۆسەی سیاسی لە عێراق. چۆن دەڕوانن یان تێڕوانینتان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و ئەوەی تاوەکو ئێستا لێی دەبینین بەرەو باشتربوون دەچێت و، دەبێت هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتیوانی لە حکومەتەکەمان لە بەغدا بکەن و، دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتادا گوتم کە بیر لەوە بکەینەوە هەموومان لەسەر یەک کەشتین و، ئەگەر شتێکی خراپ بەسەر ئەم کەشتییەدا بێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان رزگاری دەبێت و بەغدا نوقم دەبێت یان بەپێچەوانەوە بەغدا رزگاری دەبێت و هەرێمی کوردستان نوقم دەبێت. چونکە چارەنووسی هەموومان یەکە و، دەبێت بەم بنەمایە رازی ببین، چارەنووسمان وەک عێراقی یەکە و دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین. لە کوێدا هەرێمی کوردستان توانیی هاوکاریی بەغدا بکات و لە کوێدا بەغدا توانیی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات و لە کوێدا هێزە سیاسییەکان توانینیان هاوکاریی سەرۆکوەزیران بکەن، دەبێت هەموومان کار بکەین بۆ داهاتوویەکی باشتر و گەشتر بۆ سەرجەم عێراق.
پێشکەشکار: زۆر سوپاست دەکەم جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی، بۆ هەموو ئەوانەی فەرمووت، سوپاسی سنگفراوانیت دەکەم بۆ قبووڵکردنی هەموو ئەو پرسیارانەی ئاراستەم کردیت، کاتێکی زۆرم لە جەنابت گرت. زۆر سوپاس بۆ تۆ و بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە.



