رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان راگەیاند، پێشتر دوو کۆمپانیا گەنمیان لە جووتیاران وەردەگرت، بەڵام ئێستا کۆمپانیایەکی دیکەش زیاد بووە، هەر سێ کۆمپانیاکەش تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 220 هەزار تۆن گەنم وەربگرن.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر هەردوو کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە هەولێر و دهۆک گەنمیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا کۆمپانیای کاڤینیش هاتووەتە ناو پرۆسەکە و دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کردووە."
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "کۆمپانیای خۆشناو تاوەکو ئێستا 110 هەزار و 500 تۆن گەنمی وەرگرتووە، هەروەها کۆمپانیای قەیوان نزیکەی 61 هەزار تۆن گەنمی وەرگرتووە."
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، لە سنووری پارێزگای دهۆک و زاخۆش پرۆسەکە بەردەوامە و گوتی: "کۆمپانیای کاڤین گرووپ لە دهۆک و سنووری پارێزگاکە دەستی بە وەرگرتنی گەنم کردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمی وەرگرتووە."
وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە 20ـی مانگی تەممووز دەستیپێکرد و تاوەکو 20ـی ئاب بەردەوام دەبێت. ئەم کۆمپانیایانە توانای وەرگرتنی 250 هەزار تۆن گەنمیان هەیە.
بەپێی رێکار و مەرجەکان، کەرتی تایبەت هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، بەو مەرجەی گەنمەکە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت کە لایەنی پەیوەندیدار بۆ وەرگرتنی گەنم دیارییان کردووە.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەک گەنمی نێو پلانی چاندن وەرگیرا، هەروەها زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو، کە تۆنی بە 500 هەزار دینار کڕایەوە.




