رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە بەشداری 16 تیم قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەڕێوەچوو. یەکێک لە تیمە بەشدارەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە چوو بوون لەو قۆناخەدا ماڵئاوایی کرد. ئەوان توانیبوویان چەندین تیپی بەهێز لەسەر ئاستی جیهان تێپەڕێنن.
رۆژی چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، ئاکار زرار، یاریزان لە تیمی 721ـی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە قۆناخی پێشکۆتاییدا 16 تیم بەشدار بوون و 12 یارییمان کرد. ئێمە نەمانتوانی براوە بین"؛ دەشڵێت، "ئێمە توانیمان 25 هەزار دۆلار ببەینەوە، بەهۆی سەرکەوتنیشمان لە قۆناخی پێشتر دوو هەزار و 500 دۆلاری دیکەشمان بردبووەوە".
ئاکار زرار ئاماژەی بەوەش کرد، لە قۆناخی کۆتاییدا 16 تیم بەشداری دەکەن و 18 یاری دەکرێن؛ گوتیشی، تیمی یەکەم 500 هەزار دۆلار دەباتەوە و 16ەمینیش 25 هەزار دۆلار.
بە گوێرەی گوتەکانی ئەو هاونیشتمانییە، سعودیە، بەڕازیل، جەزائیر، چین، ئیندۆنیزیا، پاکستان و تورکیا بەشێکن لەو تیمانەی گەیشتوونەتە یاری کۆتایی.
ئاکار زرار: بێ هیوا نەبووین
یاریزانەکەی تیمی 721 گوتی، بێهیوا نەبوون و بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە لە داهاتوودا؛ دەشڵێت، مانگی 10ی ئەمساڵ پاڵەوانیەتییەکی دیکەی هاوشێوە لە پاکستان دەکرێت.
بەگوتەی ئەو یاریزانە، شێوازی بەشداریکردن لەو پاڵەوانیەتییە ئەوەیە کە هەشت هەزار تیم لە عێراقەوە کێبڕکێ دەکەن و سێیان سەردەکەون. ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەر وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە سێ تیم سەردەکەون و لەگەڵ تیمی عێراق کێبڕکێ دەکەن. لە هەموو ئەو تیمانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سێ تیمیان دەگەنە پاکستان.
پاڵەوانیەتییەکە رۆژی 8ی ئاب دەستیپێکرد و 15ی ئاب کۆتایی دێت. کۆی خەڵاتەکانی ئەم پاڵەوانیەتییە دەگاتە سێ ملیۆن دۆلار.
