مامۆستایەکی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەڵامی قسەکانی رامین ساڵحزادە، گوتاربێژی مزگەوتی گوندی ئەشتەراوای شاری بانەی دایەوە کە لە گوتارەکەیدا سووکایەتیی بە کوردانی ئێزدی دەکات و سەرەڕای بە گڵاو زانینیان، هەڕەشەی کوشتن و سڕینەوەیان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژ و گوتاربێژ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گرتەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردەوە، وەڵامی قسەکانی رامین ساڵحزادەی دایەوە و بە شێوەزارە سنەییەکەی خۆی گوتی: "لە رۆژانی رابردوودا کلیپێک بڵاوکراوەتەوە لە فەزای مەجازی و پەخش بووەتەوە، بەناو مامۆستایەک، تەوهینێک ئەکات بە بەشێک لە خەڵکی کوردستان، بە ئێزدییە خۆشەویستەکان و کەلیماتێکی موحەقەرانە ئەخاتە کار و هەڕەشەی کوشتنیان لێ ئەکات."
گڵاویی مرۆڤ لەکوێی ئیسلامدا جێی دەبێتەوە؟
مامۆستا ئیبراهیم دەڵێ: "لە پێشدا من حەزم نەبوو جوابی ئەو قسانە بدەمەوە، چونکە هەر قسەیەک شیاوی ئەوە نییە جوابی بدەیتەوە. بەڵام وەختێک رەوانەیان کرد و داوایان کرد، دواییش بەناوی دینی ئیسلام و بەناوی خوا و پێغەمبەر و ئەهلی عیلم ئەو قسەیە بڵاو کراوەتەوە و باسی کوشتنی ئینسان و تەحقیرکردنی کۆمەڵێک خەڵک بوو، بێدەنگبوون لە بەرانبەری ئەوە، ئەو تەصەورە دروست ئەکات کە ئەمانە نوێنەری ئیسلامن. بۆیە بە لازممان زانی ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی، لەبەر ئەو قسانەی کە کراوە، موزیعی خۆمان ئیعلان بکەین و رۆشنی بکەین بۆ خەڵکی مسوڵمان."
ئەو مامۆستا ئاینییە پرسیار لەو مامۆستا ئاینییە دەکات و دەڵێ: "سوعالێک ئەپرسین ئەگەر بگاتە دەستی ئەو کابرایە؛ ئەم ئەدەبیاتە کە بەشێک لە خەڵک بە گڵاو ئەزانیت، خۆزیا لە کوێی ئیسلامدا جێگەی ئەبێتەوە؟ فەرموودەی خوا لە قورئان دا، هی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە حەدیس دا؟ یان ئەو کاتەی ئەگەر هاتوو رۆژێک، سانیەیەک، سەعاتێک، چرکەیەک دەسەڵات کەوتە دەستت، هەموویان ئەکوژی؟ ئا ئەمانە لە کوێوە هاتووە؟"
بۆ تەنیا بەرامبەر هەندێ لە میللەتی کورد ئەو قسەیە دەکەیت؟
لە پرسیارێکی دیکەدا کە ئاراستەی رامین ساڵحزادەی دەکات، مامۆستا ئیبراهیمی نەنەڵە دەڵێ: خوا لە قورئاندا نافەرمووێت: "وَلَا تَعْتَدُوا إِنَّ اللَّهَ لَا یُحِبُّ الْمُعْتَدِینَ - تەجاوز مەکەنە سەر، هەرێمی خەڵکی، نامووس و ماڵ و گیانی خەڵکی، خوا خۆشی نایەت لە تەجاوزکاران." یان خوای تەبارەک و تەعالا نافەرمووێت: "لَّا یَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِینَ لَمْ یُقَاتِلُوكُمْ فِی الدِّینِ وَلَمْ یُخْرِجُوكُم مِّن دِیَارِكُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَیْهِمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ یُحِبُّ الْمُقْسِطِینَ"؟ خوا مەنعی نەکردوون لە چاکەکردن لەگەڵ ئەوانەی غەیری دینی ئیسلامن، ئازاریان نییە بۆتان، ئەزیەتیان نییە بۆتان، ئیلا چاکەیان لەگەڵ بکەن و شتێکی تر مەکەن لە هەقیاندا. خوا مەنعی نەکردوون لە چاکەکردن لەگەڵیان، حەز ئەکات بەوەی کە چاکەیان لەگەڵ بکەن. خوزایا هەڵسوکەوتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەگەڵ غەیرە مسوڵمانان چۆن بووە؟
"سوعالێکی تر؛ خۆزیا تەنیا لە ناو کورد دا غەیرە مسوڵمان هەیە؟ لە تورکدا نییە؟ لە فارسدا نییە؟ لە عەرەبدا نییە؟ خۆزایا مەلای ئەوانیش وا هەڵسوکەوت دەکات لەگەڵ خەڵکی غەیری خۆی؟ ئەی تۆ بۆ بەری تاکی یەهوودا قسەی وا ناکەیت؟ بۆ بەرانبەر تاکی مەسیحی قسەی وا ناکەیت؟ بۆ تەنیا دێیت سەبارەت بە قەومی کورد و هەندێک لە میللەتی کورد ئەو قسەیە ئەکەیت؟"
مامۆستا ئیبراهیم، زیاتر جەخت لەسەر پێکەوەژیان لەگەڵ ئایینەکانی دیکە دەکات و فەرموودەیەک بە پرسیار دەهێنێتەوە و دەڵێ: "خوزایا نەتبیستووە لە سیرەی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) کە فەرمووی: (وإن یهود بنی عوف أمة مع المؤمنین، للیهود دینهم وللمسلمین دینهم؟) ئەگەر پێغەمبەر نەیفەرمووبێت: یەهوودی بەنی عەوف ئەوانیش میللەتێکن لە ناو ئیمانداراندا و جێگەیان بۆسۆ و کەس هەقی نییە حەملە بکاتە سەریان، ئەوان بە دینی خۆیان و مسوڵمانانیش بە دینی خۆیان. ئەمە دیارە رێزێکە کە پێغەمبەر ئەیگرێت لە غەیرە مسوڵمانان."
ئایا هەڵسوکەوتی پێغەمبەر و تۆ یەکێکە؟
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بەردەوام دەبێ لە رەتکردنەوەی بیری ئەو مەلا رامین ساڵحزادە لەبارەی ئایینەکانی دیکە و ئێزدی بەتایبەتی و پێی دەڵێ: "نەتبیستووە و نەتدیوە، یان سەوادی ئەوەت نییە؟ نەتخوێندووە کاتێک لە حوجرەیەکدا کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەکو هاتووە لە حەدیسی سەحیحی بوخاریدا، جەنازەی یەهوودییەک هات، لەبەر جەنازەکە هەڵسا. عەرزیان کرد قوربان یەهوودییە، فەرمووی: مەگەر نەفس نییە؟ ئینسانێک نییە؟"
مامۆستا ئیبراهیم دەڵێ: "ئایا ئەو هەڵسوکەوتەی پێغەمبەر کردوویەتی بەرانبەر ئەوە، لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتەی کە ئێوە ئەیەکەن یەکێکە؟"
"ئێزدییەکان ژێر چەپۆکن و زەحمەتیی زۆریان بۆ دروستبووە"
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە لە مەلا رامین دەپرسێ، "ئەمانە لە کوێوە هاتووە؟ تۆ لە بیری خۆتۆ بڕیارت داوە کە ئاوا هێرش ئەکەیتە سەر هەندێک خەڵکی بێتاوان کە ئەوانیش وەکو باقی گەلی کورد ژێردەست و چەپۆکەن، لێیان دراوە، ساڵانێک تووشی خەفەقان بوون، لێیان کوژراوە، ئاوارە کراون، نامووسیان بەدیل گیراوە، زەحمەتییان بۆ دروست بووە؟"
"مەگەر نەتبیستووە کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی: هەرکەسێ موعاهەدێک، یانی کەسێکی غەیری دینی ئیسلام کە لەگەڵ مسوڵمانان پەیمانی هەیە و پەیمانی سۆڵحی ئیمزا کردووە و ئازار ناگەیێنێت و هێرش ناکاتە سەر نامووس و شەرەف و کەرامەتی مسوڵمانان یان هاوڵاتییانی خۆی، هەرکەسێ بیکوژێت بۆنی بەهەشت ناکات لە حاڵێکدا 40 ساڵ بۆنی بەهەشت ئەڕوات."
دەشپرسێ: "ئەی تۆ ئامەنتە لە کوێدا لە بیری خۆت بردووەتەوە، یان هەر نەتبیستووە و نەتخوێندووە؟ مەگەر نەتبیستووە کە حەزرەتی عومەر (رەزای خوای لێ بێت) سندووقی خانەنشینی دانا بۆ یەهوودییەکان؟ بۆ ئەو کەسەی پیرەمێردێکی کوێری یەهوودی لە بازاڕی مەدینە خەریکی گەدایی کردن بوو، حەزرەتی عومەر دەستووری دا، فەرمووی سەرانەی بۆ دابین بکەن، مانگانە حوقوقی بدەنێ چونکە ئینسانە، شەخسییەتی هەیە. ئەو عومەرەی کە ئاشکراکەری ئیسلامە، کە ئیسلام ئاشکرا ئەکات."
بۆ میللەتەکانی دیکە بە بیانووی عەقیدە و باوەڕ و دین هێرش ناکەنە سەر یەکدی؟
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە ئاماژە بەوە دەکات، "ئیختیلافی عەقیدە و باوەڕ شتێکی تەبیعییە، لە هەموو میللەتێکدا هەیە، نەک تەنیا لە ناو کورد دا. بەڵام بۆ لە میللەتانی تردا هێرش ناکرێتە سەر میللەتەکەی خۆیان بە بیانووی عەقیدە و باوەڕ و دین و ئایین؟
"ئێمەی موسڵمانیش بە کافر و موشریک ئەزانن"
مامۆستا ئیبراهیمی نەنەڵە، مەلا رامین بەوە تۆمەبار دەکات کە "ئەوان تەنیا یەزیدی بە کافر نازانن، ئێمەی مسوڵمانیش بە کافر و موشریک ئەزانن. وەکو خۆی وتی، رۆژێک دەسەڵات بکەوێتە دەستیان وەکو داعش کەوتە دەستی و هێرشی کردە سەر مزگەوت و تەقینەوەی لە مزگەوتدا ئەنجام دا، ئێمەش ئەکوژن و سەرمان ئەبڕن ئەگەر بۆ سەعاتێک دەسەڵات بکەوێتە دەستیان. ئەوان بیروباوەڕێکی توندڕەوییان هەیە، دیارە لەلای ئیستیعمار و لەلای بەشی سەرمایەداریی دونیاوە تەزریق ئەکرێت و ئەوە بڵاوەی پێ دەدرێت."
"پێویستە شەڕ بکەین، بەڵام شەڕی تفەنگ نا"
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، باسی بیری تووندڕۆیی دەکات و دەڵێ: "پێویستە ئێمە شەڕیان تەکا بکەین، بەڵام نە شەڕی تفەنگ و سیلاح. سڕینەوەی ئەو بیروباوەڕە پێویستی بە خوێندنە، بە زانستە، بە حاڵیبوونە لە ئیسلام، شوێنکەوتنی عولەمای سەلەفی ساڵحی ئەم ئۆممەتەیە. ئەوانە وەکو ئیمامی شافیعی، وەکو گەورەپیاوانی ئەو دینە، نەک ئەمانەی وا ئەمڕۆ ئیدیعای سەلەفییەت ئەکەن و باوەڕی تووندڕۆیی خەریکن پەخش ئەکەن لە ناو ئیسلامدا؛ نە، ئەمانە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نییە. شوێنکەوتنی فەرموودەی ئەو گەورەپیاوانە کە سەرانسەر ژیانێکی ئاشتیخوازانە پەخش ئەکەن لە ناو وڵاتدا."
هێرشی چەپ و ئیسلامی پێکەوە
مامۆستا ئیبراهیمی نەنەڵە دەڵێ: "بەسە تا کەی لەم عەسرەدا؟ وەڵڵا ئەوەندە ئێمە خزمەتمان بە ئیسلام کردووە، ئەوەندە ئێمە گەورەپیاومان داوەتە دەستی ئیسلام هیچ قەوم و قەبیلە و میللەتێکی تر نەبوون؛ نە تورک و نە عەرەب و نە فارس. ئێمە مەلا باقری بالەکمان هەیە، چ پێویستمان هەیە بڕۆینە لای تورک و فارس و عەرەب؟ مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسمان هەیە، چ نیازێکمان هەیە بڕۆین بۆ لای کەسێک کە ئا ئەو ئەفکارە پەخش و بڵاوە پێدەدات؟"
"بەڵام بەداخەوە هەندێک لە خۆشمان هان بە شوێن ئەوەوە؛ هان بە شوێن ئەوەوە شەڕ دروست کەن، ئاژاوە دروست کەن. ئێمە ئەبێت ئەم ئەفکارە بسڕینەوە خۆشەویستەکان، برایان، خوشکان. تا کەی هێرش بکرێتە سەرمان بە ناوی جۆراوجۆرەوە؟ خۆ ئەوە نییە تەنیا ئەو ئیسلامییە بەناوی ئیسلامەوە هێرش کەنە سەرمان، هەندێ وەخت هەیە چەپێکیش هەڕەشە ئەکات لێمان."
"ئیسلامێکم قبووڵە ئەو مەلا گەورە کوردانە لەسەری بوون"
بە گوتەی مامۆستا ئیبراهیمی نەنەڵە، "ئەمانە (ئیسلامییە تووندڕۆکان) بۆ دروستکردنی ئاژاوە لە ناو گەلی کوردی هەژار دروستکراون" و رووی دەمی لە میللەتی کوردی موسڵمان دەکات و دەڵێ: "تەنیا کارێک کە ئێوە ئەتوانن بیکەن ئەوەیە نەچنە ناو قسەی ئەوان، نەچنە ناو مەجلیسیان، دووریان لێبگرن، بکەونە شوێن عولەمای ساڵحی ئەو ئۆممەتە. وەڵڵا عەرەب 100 ساڵی تریش خەریک بێت ناتوانێت مەلا عەبدولکەریمێکی مودەڕیس دروست بکات، ناتوانێت مەلا باقرێکی بالەک دروست بکات، ناتوانێت ئەو کەڵەپیاوانە دروست بکات. شوێن ئەوانە بکەون، ئەوە دینە. من ئیسلامێکم قبووڵە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لەسەری بووە، ئیسلامێکم قبووڵە ئەو مەلا گەورە کوردانە لەسەری بوون، نەک ئەمانەی وا ئەمڕۆ تەبلیغی بۆ دەکرێت."
رامین ساڵحزادە چی گوتبوو؟
رامین ساڵحزادە، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گوندی ئەشتەراوای شاری بانەیە و لە گوتاری چەند رۆژێک لەمەوبەریدا سووکایەتی بە کوردانی ئێزدی کرد و هەڕەشەی کوشتن و سڕینەوەی لێ کردن.
بەڵام دواتر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "من باسی ئەو ئێزدییانەم کردووە کە بێڕێزی بە خودا، ئیسلام و پێغەمبەری موسڵمانان دەکەن، نەک هەموویان. دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆمان بۆ خۆمان."
ساڵحزادە ئاماژەی بەوەش کرد، سەر بە هیچ لایەنێکی تووندڕۆ نییە و لایەنگری هیچ حیزبێک نییە، "جگە لە شەریعەتی ئیسلام، هیچ شتێکی دیکەم قبووڵ نییە."
کاردانەوەکان
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو کردارە دوورە لە هەموو بەهایەکی ئاینی و مرۆڤایەتی." نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە "کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان رەگی مێژوویی هەیە."
هەروەها موراد ئیسماعیل حەسەن، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد رێکاری دیپلۆماسی و یاسایی بەرامبەر ئەو مامۆستا ئاینییە بگرێتەبەر و لە رێگەی ئێرانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستانیش رایگەیاند: "ئەو جۆرە وتارانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن."
هاوکات مامۆستا حەسەن ئەمینی، حاکمی شەرعیی خەڵکی کوردستان لە سنەوە میوانی بووڵتەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی گوتەکانی مەلا رامین ساڵحزادە رایگەیاند: "گوتەکانی ئەو مامۆستایە تەنیا بیروبۆچوونی خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی مامۆستایانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، تەنانەت بۆچوونی ئایینی ئیسلامیش نییە، لەبەر ئەوەی لە دینی ئیسلامدا شەڕ لەگەڵ بیروباوەڕدا نییە، بەڵکو شەڕ لەگەڵ ستەم و گەندەڵییە."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکەش بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی، هاونیشتمانییان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی ئەو مامۆستا ئاینییەیان کرد و بە درووستکردنی دووبەرەکی و دژایەتیکردنی کولتووری پێکەوەژیانیان لە کوردستان وەسف کرد.

