رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ لە دیارنەمانی هاونیشتمانییەکی خەڵکی بانە، ئەمرۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە. شایەتحاڵان دەڵێن، شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیاربووە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "دوای سێ رۆژ لە دیارنەمانی هاونیشتمانییەکی خەڵکی بانە، ئەمرۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە."
ئەو کەسەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە ناوی کاوە رەحمانییە و خەڵکی شاری بانەیە، بەیانی ئەمرۆ تەرمەکەی لە نزیک گوندی ئەنجیلێی سەروو دۆزرایەوە.
بە گوتەی هاونیشتمانییەکەی بانە، تەرمی کاوە، بە دەست و پێی بەستراوەیی لە گوندێکی سەر سنوور دۆزراوەتەوە و شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاوە رەحمانی تەمەنی 40 ساڵە و خێزاندارە، باوکی کچێکی تەمەن 13 ساڵانە.
کاوە رەحمانی لەسەر سنوور رێکخەری کاروباری کۆڵبەران بووە و سێ رۆژ لەمەوبەر نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. هەر ئەو کات پەیج و میدیاکانی بانە هەواڵی دیارنەمانیان لە زاری کەسوکارییەوە بڵاوکردەوە.
بەیانی ئەمرۆ هاونیشتمانییانی گوندی ئەنجیلێی سەروو تەرمەکەیان لە چۆڵەوانییەکی نزیک گوند دۆزیوەتەوە.
بەگوتەی شایەتحاڵان، ئاسەواری چەند گوللەیەک بە سەرییەوە دیاربووە و تەرمەکەی بە تەواوەتی شێواوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە بانە روونکردنەوەیان لەبارەی شێواز و هۆکاری کوشتنی ئەو کەسە نەداوە.




