رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە لوتکەدان، بازاڕی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە و تانکییە گەورەکانی سووتەمەنی لە بۆرسەی هەولێر بە تەواوی لە نەوتی سپی خاڵی بوون، ئەمەش نیگەرانیی لای هاونیشتمانیان بۆ وەرزی زستان دروستکردووە.
بەرپرسانی بۆرسەی سووتەمەنی دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە راگرتنی هاوردەکردنی نەوتە لە باشووری عێراق و پاڵاوگەی بێجییەوە.
نەسرەت زەنگەنە، گوتەبێژی ئەنجومەنی بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "پار هەموو نەوتەکەمان لە باشووری عێراقەوە دەهات و رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 600 هەزار لیتر بوو، بەڵام ئێستا یەک لیتر نەهاتووە."
نەسرەت زەنگەنە، گوتیشی: "ساڵی رابردوو لەم کاتەدا بەرمیلێک نەوت بە 150 هەزار دینار بوو، کەچی ئێستا گەیشتووەتە 250 هەزار دینار. دوای ئەو رەوشەی لە عێراق دروست بوو، هیچ نەوتێک لە پاڵاوگەی بێجی و باشووری عێراقەوە بۆ کارگەی قیڕ و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان نایەت."
گوتەبێژی بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەم قەیرانە و نەمانی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان هەبووە.
سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەرزی هاوینە، بەڵام هاونیشتمانیان دەیانەوێت لە ئێستاوە نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان دابین بکەن، ئەوەش لە ترسی ئەوەی کە لە کاتی هاتنی شەپۆلی سەرما، نرخی سووتەمەنی زیاتر هەڵبکشێت، بەڵام لەگەڵ ئەم خواستە زۆرەدا، نەوتی سپی لە بازاڕدا دەست ناکەوێت.
هەڤاڵ شێرزاد، کاسبکارە و بە رووداوی گوت: "ساڵی رابردوو بەرمیلێک نەوت بە 180 تاوەکو 190 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ لەم گەرمایەی مانگی هەشتدا، نرخی بەرمیلێک گەیشتووەتە 280 هەزار دینار و لەوەش زیاتر نییە بۆ کڕین."
هەڤاڵ شێرزاد، دەشڵێت، "ئەگەر لەم گەرمایەدا نەوت نەبێت، ئەی ئەگەر چوار رۆژی دیکە سەرما و بەفر و باران دەستی پێکرد، چۆن نەوتمان دەست دەکەوێت؟ وەک خێزانێک کەمترین پێویستیت دوو بەرمیلە، بەڵام هیچ ئومێدێک نییە ئەمساڵ نەوت دابەش بکرێت."
بەپێی داتا فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی زستان پێویستی بە نزیکەی 250 بۆ 300 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە. لە سیستمی دابەشکردنی حکومەتدا بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر نەوت دابین دەکرێت.
بەپێی رێککەوتنەکان، دەبوو حکومەتی عێراق ساڵانە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەوەی دیکەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پڕبکرێتەوە.



