رووداو دیجیتاڵ
وێنەی سەیید رەزا و چەند هاوەڵێکی لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان شێوێندرا و تائێستاش کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرنەکراوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2026 چەند کەسێکی نەناسراو وێنەی سەیید رەزا و ئەو کەسایەتییانەی لە کۆمەڵکوژیی ساڵانی 1937-1938دا گیانیان لەدەستدا، شێواند و هەندێکیشیان دڕاندن.
تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە ئاشکرا نەکراوە، هیچ لێدوانێکی فەرمییش لەبارەی ئەم بابەتە بڵاونەکراوەتەوە و کەسیش دەستگیر نەکراوە.

دیواری 38 لە پارێزگای دێرسم لە ساڵی 2012 وەک سیمبوولێکی مێژوویی بۆ پاراستنی یادەوەریی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ساڵانی 1937-1938 تەرخان کرا.
سەیید رەزا (1863–1937) سەرکردەیەکی ئایینی و سیاسیی عەلەویی کورد بوو. لە ساڵی 1937 رابەرایەتیی راپەڕینی دێرسمی کرد دژی سیاستەکانی کۆماری تورکیا و لە ئەنجامدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوەڵانی دەستگیرکرا و لە 15ی تشرینی دووەمی 1937 لەسێدارەدرا.

.jpg&w=3840&q=75)



