رووداو - دیجیتاڵ
نوێنەرانی خۆپێشاندەرانی پێنجوێن بە هاوڕێیەتیی قایمقام و بەرپرسانی ئیداریی قەزاکە، گەیشتنە نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی کوردستان. داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە کە بەهۆی سەرما و ساردیی ناوچەکەیان، ناتوانن تێچووی کارەبای پڕۆژەی "رووناکی" بۆ خۆگەرمکردنەوە دابین بکەن. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانیش دەڵێت "لێتێگەیشتنی باش بۆ چارەسەری کێشەکە هەیە''.
شاندەکە کە لە قایمقام، بەڕێوەبەری کارەبای پێنجوێن و بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز پێکهاتبوو، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری پارێزگاری سلێمانی و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، داواکارییەکانیان گەیاندە پەرلەمانتاران. بەختیار عەلی، یەکێک لە نوێنەرانی خۆپێشاندەران، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە پێمانوایە پێنجوێن تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەمە بەو مانایە نییە کە رقمان لە حکومەت بێت، بەڵکو تەنیا داواکارین وەڵاممان بدرێتەوە بۆ ئەوەی تووڕەیی خەڵک کپ بکرێتەوە."
عومەر مەحموود، نوێنەرێکی دیکەی خۆپێشاندەران، داوا لە خەڵکی پێنجوێن دەکات لەسەر هەڵوێستەکانیان بەردەوام بن و دەڵێت: "داوامان لە هەموو لایەک کردووە پاڵپشتیمان بکەن تاوەکو دەگەینە ئەنجام."
هەڵوێستی کارەبای سلێمانی و پەرلەمانتاران ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ نوێنەرانی پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ ئیدارە و نوێنەرانی خەڵکی پێنجوێن دانیشتووین، لێتێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."
هاوکات، ئازاد هەمەوەندی، پەرلەمانتاری یەکێتی پشتیوانیی خۆی بۆ خواستەکانیان دەربڕی و گوتی: "ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت دەیکەین و ئەگەر پێویست بکات بۆ چارەسەری کێشەکەیان دەچینە لای وەزارەتی کارەبایش."
ئاماری هاوبەشانی کارەبا لە پێنجوێن:
- کۆی گشتی: 18,000 هاوبەش.
- ماڵان: 16,000 هاوبەش.
- پڕۆژەی کشتوکاڵی و بازرگانی: 2,000 هاوبەش.
- ناوەندی قەزا: 12,000 هاوبەش.
دانیشتووانی پێنجوێن پێشتر و لە ساڵی 2022دا، لە دژی سیستەمی نوێی کارەبا خۆپێشاندانی بەرفراوانیانکرد و بۆکسی پێوەرە زیرەکەکانیان لەسەر دیوارەکان لێکردەوە. هەر بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستاش ئەو قەزایە بە پێوەرە کۆنەکان کارەبا بەکاردەهێنێت و ئامادە نین بە نرخەکانی پڕۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری) کارەبا وەربگرن، مەگەر حکومەت رەچاوی بارودۆخی ساردی ناوچەکەیان بکات.


