رووداو - دیجیتاڵ
حەوت ساڵ بەسەر ئاوارەبوونیاندا تێپەڕیوە، بەڵام بۆ پەنابەرانی سەرێکانێ لە کەمپی گەویلان، بیرکردنەوە لە گەڕانەوە وەک "خەونێکی مەحاڵ" دەردەکەوێت. لەگەڵ ئاڵۆزییە نوێیەکانی سووریا و هێرشکردنە سەر ئەو ئاوارانەی هەوڵی گەڕانەوەیان داوە، متمانەی گەڕانەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان نزیکبووەتەوە لە سفر.
لە ساڵی 2019ـەوە، کەمپی گەویلان لە دەشتاییەکانی نێوان دهۆک و هەولێر، بووەتە پەناگە بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە شارەکەیان (سەرێکانێ) جێهێشتووە. ئێستا 60 خێزانی ئەو شارە لەم کەمپەدا دەژین و چیرۆکی هەموویان پڕە لە خەم و دڵەڕاوکێ.
عەدلا خەلیل، یەکێکە لە پەنابەرانی سەرێکانێ و دایکی 12 منداڵە، ئەو لەبارەی ویستی خەڵک بۆ گەڕانەوە بە رووداوی راگەیاند: "خەڵکێکی زۆر دەناسم کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام هەموویان دەترسن. لەوێ هیچ ئارامی و ئاسایشێک نییە، بۆیە کەس ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات."
ئەوەی زیاتر پەنابەرانی نێو کەمپەکەی تووشی دوودڵی کردووە، ئەو هێرشانەیە کە دەکرێنە سەر ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە. نەواف دەخیل، هاونیشتمانییەکی دیکەی سەرێکانێیە و دەڵێت: "خزمەکانی ئێمە دوای حەوت ساڵ ویستیان بگەڕێنەوە، بەڵام لەلایەن عەرەبی هاوردەوە هێرشیان کرایە سەر و ئازار دران؛ نەیانهێشت بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانی خۆیان."
هەروەها مستەفا کەریم، یەکێکی دیکە لە ئاوارەکان، جەخت دەکاتەوە کە دوای هێرشەکانی مانگی ئابی ئەمساڵ بۆ سەر کاروانی ئاوارەکان، "مەترسییەکی راستەقینە" دروستبووە و دۆخەکە بە هیچ جۆرێک بۆ گەڕانەوە گونجاو نییە.
عیماد عوسمان، بەڕێوەبەری کەمپی گەویلان بە رووداوی راگەیاند: "لەدوای گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە سووریا، تەنیا 20 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە رۆژئاوا، بەڵام لە دوای ئاڵۆزییەکانی ئەمساڵەوە، لە کۆی زیاتر لە 400 پەنابەری سەرێکانێ لەم کەمپەدا، تەنیا یەک خێزان گەڕاوەتەوە."
پوختەی دۆخی ئاوارەکانی سەرێکانێ:
- کۆی ئاوارەکان (2019): 14,000 خێزان (زیاتر لە 85,000 کەس).
- هۆکاری ئاوارەیی: هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە 19ـی ئۆکتۆبەری 2019.
- دۆخی ئێستا: زیاتر لە 400 کەس تەنیا لە کەمپی گەویلان نیشتەجێن.
- ئاستەنگی گەڕانەوە: نەبوونی ئاسایش و هێرشی "عەرەبی هاوردە" بۆ سەر گەڕاوەکان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە سەرپەرشتیی کەمپەکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دڵەڕاوکێیە تەنیا لای خەڵکی سەرێکانێ نییە، بەڵکو زۆربەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی نادیاریی داهاتووی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکانیان، گەڕانەوە بە بژاردەیەکی مەترسیدار دەبینن.

