رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئابی 2026 رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "وەزمەڵە"ی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز لەکاتی کۆڵبەریدا لە سنووری " هەنگەژاڵ" تەقەی لێکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرە ناوی (محەممەد تەوحیدنیا)یە و تەمەنی 25 ساڵ بووە. هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە پاساوی "گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ" تەقەیان لێکردووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دەیان کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان، کەوتنە خوارەوە لە شاخ یان رەقبوونەوە لە سەرمادا، گیان لەدەستدەدەن یان کەمئەندام دەبن.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 9 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و حەوت کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پار 26 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 31 کۆڵبەریش بریندار کراون.




