رووداو دیجیتاڵ
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا حەوت دەروازەی سنووری هەن؛ سێ دەروازەی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان فەرمین و دەروازە سنوورییەکانی سەیرانبەن، کێلێ، شوشمێ و پشتە نیمچەفەرمین.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-08-2026، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەو دەروازە سنوورییانەوە دەگاتە پێنج ملیار دۆلار. بەرپرسانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاماری وردی قەبارەی بازرگانییەکە دەخەنەڕوو.
''زیاتر لە هەشت هەزار و 500 بارهەڵگر بە دەروازەی حاجی ئۆمەراندا تێپەڕیون''
بەگوتەی خالید جەنگجو، سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی (21-03-2026 بۆ 21-07-2026) بایی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەرەو هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان هەناردە کراوە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بە جیا نەخراوەتەڕوو، بەڵام وەک ئەرسەلان شوکری، بەڕێوەبەری گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێ دەڵێ، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاویدا لە کۆی 60 هەزار بارهەڵگری تێپەڕیو بە شەش دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەدا هەشت هەزار و 660ـیان تایبەت بوون بە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، ئەوەش دەرخەری ئاڵوگۆڕێکی زۆری کاڵایە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا.
ئەوە لەکاتێکدایە بۆ هەمان کاتی پار، قەبارەی هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە، نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار راگەیێندرابوو.
جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کراوە و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆ دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری گومرگی پارێزگای ورمێ، لەو چوار مانگەدا بایی 170 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هاوردە کراوە، کە لەم راپۆرتەشدا تەنیا ئەم بڕە پارەیە وەک بەشداریی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بۆ هەژمارکردنی قەبارەی کۆتایی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ئێران پشتی پێ بەستراوە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی بارهەڵگرەکانەوە هەژمار نەکراوە.
دەروازەی حاجی ئۆمەران کە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تەمرچیان ناسراوە، دەکەوێتە نێوان حاجی ئۆمەرانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان.
''هەناردەی کاڵا لە دەروازەکانی سنەوە 82 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە''
هاوکات لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چەند دەروازەی سنووری وەک باشماخ، سەیرانبەن و پشتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەن کە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری بەکاردەهێندرێن.
فەرامەرز ئومێدی، سەرپەرشتی گومرگی پارێزگاکە ئاماری تایبەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی خستووەتەڕوو و دەڵێ، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 311 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 82 ملیۆن و 264 هەزار دۆلار، لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراون.
فەرامەرز ئومێدی باسی لەوەش کرد، لانیکەم 98٪ـی کاڵاکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان نێردراون، ''هەروەها لەو ماوەیەدا 41 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 54 ملیۆن دۆلار، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هێنراونەتە نێو پارێزگاکە''.
بەگوتەی سەرپەرشتی گومرگی سنە، بەراورد بە هەمان کاتی پار، قەبارەی هاوردەی کاڵا لە بواری کێشەوە 541٪ و لە بواری نرخەوە، 72٪ زیادی کردووە.
''لە دوو مانگدا هەناردەی کرماشان زیاتر لە 335 ملیۆن دۆلار بووە''
کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دوو دەروازەیشی لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق هەیە. بەگوێرەی ئینفۆگرافیکێک کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی پارێزگاکە بڵاوی کردووەتەوە و ئاماری دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی خستووەتەڕوو، لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە هەناردە کراوە کە بایی 335 ملیۆن دۆلار بوون.
بۆ لێکدانەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، پێویستە سەرنج لە ئاماری چوار مانگی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانیش بدرێ. بەگوتەی رەزا نیک رەوش، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگاکە، چوار مانگی سەرەتای پاری هەتاوی، تەنیا لە دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شێخ سلە و شوشمێوە، نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردە کراوە.
وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاندووە، لەو بڕە 306 هەزار تۆنی لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بووە کە بەهاکەی نزیکەی 102 ملیۆن دۆلار بووە.
وەک لە ئینفۆگرافیکەکەدا هاتووە، لە دەروازەی سنووریی (شوشمێ)ـشەوە کە دەکەوێتە ناوچەی هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، 66 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای حەوت ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە.
لە دەروازەی سنووریی شێخ سلەشەوە کە دەکەوێتە نێوان سەلاسی باوەجانیی کرماشان و ناحیەی مەیدانی خانەقین، 61 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 17 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە.
هەروەها بایی 103.7 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەویی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە کە بەرەو خانەقینی باشووری کوردستان کراوەتەوە و سەر بە حکومەتی فیدراڵییە.
لە رێگەی دەروازەی سنووریی سوماریشەوە 103.7 ملیۆن دۆلار هەناردەی کاڵا بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق هەبووە.
هەرچەندە جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەری لەسەر دەروازە سنوورییەکان هەبوو، بەڵام ئەگەر هاوشێوەی پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بۆ چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار و بۆ دەروازەکانی کرماشانیش 450 ملیۆن دۆلار لەبەرچاو بگرین، دەکرێ بڵێین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ ئەو چوار مانگە زیاتر لە 950 ملیۆن دۆلارە.
زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بریتین لە شیری وشک، پەینی کیمیاوی، ئاسن، بەروبوومی کشتوکاڵی، مریشک، هێلکە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، بەرد و کاشی.


