رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەردار یوکسەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد و جەختی لە ئاشتیانەبوونی دۆزی گەلی کوردستان و چارەسەرکردنی رێگەی دیالۆگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەردار یوکسەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد.
سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەردار یوکسەلی کرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە گەنجێکی کورد توانیویەتی رۆڵی لە ناوەندە سیاسی و پەرلەمانییەکانی ئەڵمانیادا هەبێت. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی کرد لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت بەرگریکردن لە دۆزی کورد و پەنابەران لە ئەڵمانیا.
سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بنەماکانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە دەبێت کێشەی گەلی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەڕێگەی ئاشتیانە، دیالۆگ و بە شێوازی سەردەمیانە چارەسەر بکرێت.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لای خۆیەوە، سەردار یوکسەل پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە ئازادیخوازی، خەباتی گەلی کوردستان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
یوکسەل ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەڵمانیا و گەلێک شوێنی دیکەی جیهاندا هاوسۆز و پشتیوانی زۆر بۆ مافەکانی گەلی کوردستان هەن. ئەزموونی هەرێمی کوردستانی بە بەهادار لەقەڵەم دا کە پێویستی بە پشتیوانییە، هاوکات ئاماژەی بە رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد لە هاوکاریکردنی ئاوارە و لێقەوماواندا.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دۆخی سیاسی، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.



