رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە کۆبۆنی ژمارە 2ـی بەنزینی 750 دیناری کارا دەبێت و کارکردن بە کۆبۆنی ژمارە 1 کۆتایی دێت.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی کۆبۆنی ژمارە 2 بۆ بەنزینی 750 دیناری کارادەبێت و کۆبۆنی ژمارە 1 لە کاردەکەوێت. واتا ئەو کەسانەی کە پێشتر بە کۆبۆن بەنزینیان وەرگرتووە، سبەی بۆ جاری دووەم لە هەموو بەنزینخانەکانی هەولێر دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری."
ئاماژەی بەوەش کرد، بەم هەنگاوە وەجبەی دووەمی کارتەکان دەستپێدەکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێکخستنی پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر بەنزینخانەکان.
لە 26ـی مانگی رابردووەوە لە هەولێر دابەشکردنی بەنزین بە شێوەی کۆبۆن دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی قەیرانی بەنزین و کەمبوونەوەی، قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەنزینخانەکان دروستبوو.
لە 1ـی ئابی 2026ـەوە لە هەموو بەنزینخانەکان دابەشکردنی بەنزین بە شێوەی کۆبۆن دەستیپێکرد.
کێشەی بەنزین لە کەیەوە سەریهەڵدا؟
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێکەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر دەبێتەوە، پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسسەنی بە هەزار دینار و سووپەری بە هەزار و 200 دینار دیاریکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازادکرا، ئێستا لە تابلۆی نرخی بەنزینخانەکان چەندین نرخی جیاواز دەبینیت.
.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)

