رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان بۆ تاوتوێکردنی کێشەی بەنزین کۆببنەوە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان زیادکردنی بڕی ئەو نەوتە خاوەیە کە لە بەغداوە دەنێردرێت، لە 50 هەزارەوە بۆ 126 هەزار بەرمیل.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "سبەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆدەبێتەوە و هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. پێشنیازمان بۆ وەزیر کردووە یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوە بێت کە عێراق بەنزینی بازرگانیمان بداتێ، لەوێ بە 450 دینارە و بە 650 دینار بیدەن بە ئێمە."
دیدار زوبێر، بازرگانی سووتەمەنی و ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە لەسەر زیادکردنی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە خاوەیە کە رۆژانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دێت، داوا دەکرێت ئەو بڕە بکرێتە 126 هەزار بەرمیل، بەوەش کێشەی بەنزین بە تەواوی چارەسەر دەبێت."
بە گوتەی ئەو بازرگانە، هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا رۆژانە پێویستی بە 6 بۆ 7 ملیۆن لیتر بەنزینە و لە زستانیشدا نزیکەی 6 ملیۆن لیتر. پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا دەیتوانی یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر دابین بکات، بڕەکەی دیکە لە ئێران و ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهات، بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە وەستاون.
سەبارەت بە گرفتەکانی بەرهەمهێنان، دیدار زوبێر گوتی: "پێشتر 20 هەزار بەرمیل نەفتای سووک لە کۆرمۆر بەرهەم دەهات و دوای تێکەڵکردنی لەگەڵ مەوادی هاوردە لە ئێرانەوە، دەبووە بەنزین. بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو پاڵاوگە ئێرانییانەی مەوادەکەیان لێوە دەهات، ئێستا ئەو کارگانە لەژێر نۆژەنکردنەوەدان و دابینکردنی ئەو مەوادانە وەستاوە، هەروەها کارەکانی داناگازیش لەو رووەوە وەستاوە."
باسی لەوەشکرد کە 158 پاڵاوگەی سووتەمەنی هەن، بەڵام بێ مەوادی پێویست ناتوانن نەفتای سووک بکەنە بەنزین.
ئەحمەد جەمال، نوێنەری بەنزینخانەی مەتین لە دهۆک بە رووداوی گوت، ئەگەر بەغدا بڕی نەوتی خاو بۆ 126 هەزار بەرمیل زیاد بکات و کۆمپانیاکانی وەک لاناز و کار بەرهەمیان زیاد بکەن، بەرهەمی ناوخۆ دەگاتە 6 ملیۆن لیتر و لە ماوەی چوار رۆژدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
کێشەی بەنزین لە کەیەوە سەریهەڵدا؟
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێکەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر دەبێتەوە، پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسسەنی بە هەزار دینار و سووپەری بە 1200 دینار دیاریکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازادکرا، ئێستا لە تابلۆی نرخی بەنزینخانەکان چەندین نرخی جیاواز دەبینیت.
.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)