رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی سلێمانی بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن. بڕیار وابوو فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ سێ پەمپی نوێی هێڵەکە لە دووکانەوە بخاتە کار، بەڵام شکانی بۆریی هێڵی دووەم لە ناوچەی قولەرەیسی، تاقیکردنەوەی پەمپە نوێیەکانیشی راگرت.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە نازانین ئەو کارە (شکاندنی بۆرییەکە) بۆچی کراوە، بەڵام لایەنی سەرپێچیکار بانگهێشتی لێکۆڵینەوە دەکەین، چونکە زەرەری لە بۆرییەکە داوە و دەبێت چەند رۆژێک چاوەڕێ بکەین تاوەکو چاک دەکرێتەوە."
بەهۆی ئەم شکانەوە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو سێ رۆژی دیکە دابەشکردنی ئاو لەم شوێنانە رابگیرێت: قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی بازیان و گوندەکانی دەوروبەریان.گەڕەکەکانی قرگە، ئیبراهیم ئەحمەد، سێتوان، کانی با، زێڕینۆک.بەشێک لە گەڕەکەکانی راپەڕین و کوردسات.
شاری سلێمانی رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 500 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام ماوەی مانگێکە بڕی بەرهەمهێنانی ئاو بۆ نزیکەی نیوە کەمبووەتەوە، ئەوەش گوشارێکی زۆری لەسەر دانیشتووانی شارەکە دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، کارکردن لە پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان - سلێمانی بەردەوامە. عەدنان نەجمەدین، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: "ئەگەر حکومەت وەکو ئەوەی بڕیارە لە دابینکردنی سولفەکاندا هاوکارمان بێت، هەوڵدەدەین لە ماوەی دیاریکراودا پڕۆژەکە تەواو بکەین، دەبێتە هۆکاری چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی سلێمانی."
چاوەڕوان دەکرێت تیمەکانی چاککردنەوە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەست بە چاککردنەوەی بۆرییە شکاوەکە بکەن، بەڵام بەهۆی گەورەیی زیانەکان، گەڕانەوەی ئاو بۆ ناو تۆڕەکان کاتی دەوێت.


.png&w=3840&q=75)