رووداو - دیجیتاڵ
بە مەبەستی راکێشانی گەشتیارانی ناوەڕاست و خواری عێراق بۆ ناوچە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی کۆیە، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شارەکە نوێنەری 20 کۆمپانیای گەشتیاری و چالاکڤانی ئەو بوارەی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەوە بانگهێشت کرد. ئامانجەکە ناساندنی ناسنامە و مێژووی شارەکەیە بۆ ئەوەی بخرێتە نێو کارنامەی گەشتیاریی عێراقییەکان.
ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە لەبارەی ئەم دەسپێشخەرییەوە بە رووداوی راگەیاند: "پێشوازیمان لە شاندەکە کرد و بردمانن بۆ کۆمەڵگەی کۆساری و قشڵەی کۆیە. دەمانەوێت شوێنە کەلەپووری و شوێنەوارییەکان ببینن بە مەبەستی بەبازاڕکردنیان، تاوەکو ژمارەی گەشتیاران بۆ سنوورەکەمان زیاتر ببێت."
سەرەڕای هەبوونی دەیان ناوچەی سەرنجڕاکێش، بەڵام کەرتی گەشتوگوزار لە کۆیە بەدەست کەمیی ریکلامەوە دەناڵێنێت. زەهرا زەنگەنە، چالاکڤانی کولتووری لەو بارەیەوە دەڵێت: "کۆیە شوێنەواری مێژوویی و گەشتیاریی زۆرە، بەڵام گەشتیاری کەمە؛ کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ریکلام و ناساندن بۆ شارەکە زۆر لاوازە."
ئاشنابوون بە مێژووی 'دڵدار' و زەینەب خان یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکانی گەشتەکە،ئینستیتوتی زەینەب خان بوو (خوشکە گەورەی دڵدار، شاعیری سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب). لەوێ میوانەکان ئاشنای مێژووی بنەماڵەی دڵدار و کاری دەستیی "ماڵی مۆر" بوون، کە تێیدا جلوبەرگی رەسەنی کوردی و کڵاو و سەروتاسی کۆیی نمایش کرابوون.
عەدەویە ئیبراهیم، چالاکڤانێکی کولتوورییە و لە بەغداوە هاتووە، ئەو سەرسامیی خۆی بە کۆیە نیشان دا و گوتی: "پێویستە خەڵکی باشوور و باکوور و رۆژئاوا هەموویان شارەزای ئەم ناوچە دێرینە ببن. ئەرکە لەسەر هەمووان بێن و ئێرە ببینن."
هەروەها هیلال عوبەیدی، رێکخەری گەشتەکان، جەختی لەوە کردەوە کە کۆیە "سیمبولی شوێنەوارە" و لە پلانایاندایە لە داهاتوودا گرووپی گەشتیاریی گەورە لە سەرتاسەری عێراقەوە بۆ شارەکە بهێنن.
ئەو شوێنانەی شاندە عێراقییەکە بەسەریان کردەوە:
- قشڵەی کۆیە: قەڵا و مێژووی سەربازیی شارەکە.
- کۆمەڵگەی کۆساری: لایەنی سروشتی و گەشتیاری.
- ئینستیتوتی زەینەب خان: ناسنامەی کولتووری و مێژووی ئەدەبی.
- ماڵی مۆر: فۆلکلۆر و جلوبەرگی رەسەنی ناوچەکە.
ئەم هەنگاوەی گەشتوگوزاری کۆیە لە کاتێکدایە کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار لە ناوەڕاست و خواری عێراقەوە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام زۆربەیان تەنیا سەردانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەکەن و کۆیە هێشتا وەک پێویست نەبووەتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆیان.


