رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 9 ساڵە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی دامەزراندنن، لەو ماوەیەدا 47 جار گردبوونەتەوە و داوای مافی خۆیان کردووە. ئێستا جارێکی دیکە بەهۆی بەربژێرکردنیان بۆ دامەزراندن لە چوارچێوەی بودجەی عێراقدا، هیوا بۆ بەشێکیان گەڕاوەتەوە.
رێبوار حەمید، دەرچووی ساڵی 2017-2018ـی بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدینە و یەکەمی بەشەکەی بووە. ئەو ماوەی 19 ساڵە کاری فیتەری دەکات و دەڵێت، 9 ساڵە چاوەڕێی دامەزراندنە تاوەکو ببێتە مامۆستا.
رێبوار حەمید، دەرچووی زانکۆ، بەرووداوی گوت: "ماوەی 9 ساڵە ناوەکانمان بۆ دامەزراندن دەنێرن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. حەز دەکەم پێم بڵێن مامۆستا، نەک وەستا."
دالیا عیزەدین، یەکێکە لە یەکەمەکانی زانکۆ و دەڵێت: "هەموو داواکاریی ئێمە تەنیا دامەزراندنە کە مافێکی سەرەتایی خۆمانە. هیوادارین ئەمە کۆتا گردبوونەوەمان بێت کە بۆ دامەزراندن دەیکەین."
کاروان عەلی، یەکێکی دیکە لە یەکەمەکانی زانکۆیە و دەڵێت: "ئەمجارە ئومێدمان هەیە دابمەزرێین، چونکە سەرۆکی حکومەت زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدات و لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جەختی لە دامەزراندنی سێ یەکەمەکان کردووەتەوە."
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ناوی 16 هەزار و 282 کەسی لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە تاوەکو لەسەر بودجەی عێراق دابمەزرێن.
دکتۆر توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمجارە توانیمانە ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ی عێراقدا جێگیر بکەین."
بۆ دامەزراندنی ئەو 16 هەزار و 282 دەرچووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 11 ملیار و 900 ملیۆن دینارە.



