رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، دووەمین پێشانگای فۆتۆگرافی بۆ 22 فۆتۆگرافەر لە سەقز کرایەوە.
فەردین مستەفایی، لە شاری سەقز بە رووداوی راگەیاند، "لە پێشانگاکە 26 بەرهەم لە بوارە جیاوازەکان نمایشکراون."
بەگوتەی فەردین مستەفایی، پێشانگاکە بەمەبەستی پشتگیریکردن لە هونەرمەندان، بەهێزکردنی پیشەی فۆتۆگرافی و بەرزکردنەوەی ئاستی کولتووری بینین لەم شارەدا کراوەتەوە.
مستەفایی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشانگایە بە هەوڵ و کۆششی دوو فۆتۆگرافەری گەنجی سەقزی بە ناوەکانی "ئارەش بەهمەنی" و "ئەسعەد ئیمام" رێکخراوە و هەوڵدەدات بە کۆکردنەوەی فۆتۆگرافەران بە دید و ئەزموونە جیاوازەکانەوە، کەشێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون، دۆزینەوەی بەهرە نوێیەکان و گەشەپێدانی چالاکییە هونەرییەکان لە سەقزدا بڕەخسێنێت.
فەردین مستەفایی رایگەیاند، ئەو بەرهەمانەی لە پێشانگاکە خراونەتەڕوو، کۆمەڵێک چەشنی جۆراوجۆری فۆتۆگرافی دەگرێتەوە و هەر کامیان بە دیدێکی هونەرمەندانە، بەشێک لە سروشت، کولتوور، ژیانی رۆژانە و ژینگەی کۆمەڵایەتیی کوردستان دەگێڕنەوە.
پێشانگاکە تاوەکو 9ـی ئاب بەردەوامدەبێت و رۆژانە لە کاژێر 17 بۆ 20ـی ئێوارە لە گالەریی مانا سینەما، فۆتۆکان نمایشدەکرێن.



