رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان 2307 پڕۆژەی ماسی هەن و بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆش، لە مانگی ئابەوە باج دەخرێتە سەر ماسی هاوردە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمساڵ 71 پڕۆژە مۆڵەتی سەرەتاییان پێدراوە و لە قۆناخی دروستکردندان، هەروەها 67 پڕۆژەی دیکەش مۆڵەتی هەمیشەییان پێدراوە. بەوەش کۆی گشتیی پڕۆژەکان گەیشتووەتە 2307 پڕۆژە."
لەبارەی کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، بێستوون نەجمەدین گوتی، "ئێستا بەرەو وەرزی پێگەیشتنی بەرهەم دەچین و مانگی داهاتوو زۆربەی پڕۆژەکان بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە. هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ خاوەن پڕۆژەکان کردووە، لەوانە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو پێداویستی و کەرەستانەی لە ناوخۆدا بەرهەمناهێندرێن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 65 هەزار تۆن گۆشتی ماسی هەیە. بەڕێوەبەری سامانی ماسی دەڵێت، دوو جۆر ماسیی سەرەکی بەرهەمدەهێندرێن؛ ماسی "تراوت" کە لە ناوچە شاخاوییەکان و ئاوی سارد بەرهەمدێت، لەگەڵ ماسی "کۆمۆن کارپ" کە زۆرینەی پڕۆژەکان بەرهەمی دەهێنن چونکە لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە.
سەبارەت بە ساخکردنەوەی بەرهەم، بێستوون نەجمەدین گوتی، "زۆرینەی بەرهەمەکە لە ناوخۆ بەکاردێت، بەڵام لەکاتی زۆربوونی بەرهەمدا، رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت."
بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و رێکخستنی نرخ لە بازاڕدا، وەزارەتی کشتوکاڵ بەپێی وەرزەکان رێکار دەگرێتەبەر. بێستوون نەجمەدین گوتی، "بەپێی رۆژنامەی کشتوکاڵی، لە 1ـی ئابەوە تاوەکو کۆتایی ساڵ باج دەخەینە سەر ماسی هاوردە. ئەگەر نرخ زۆر دابەزێت، هاوردەکردن قەدەخەدەکەین، بەڵام لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخدا، هاوردەکردن ئاساییدەکەینەوە."


