رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پەسندکردنی بودجە، دەرماڵەی خوێندکاران دابەشدەکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش مانگانە پێنج ملیار دینار تەرخانکراوە. هەروەها دەڵێت، بۆ دامەزراندنی نزیکەی 16 هەزار لە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، پێویستیان بە 12 ملیار دینارە.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد رایگەیاند، "پاش خانەنشینبوونی، ژمارەیەکی زۆر لە پرۆفیسۆر و مامۆستا و کەسە ئەکادیمییەکان، بۆشاییەکی زۆر لە زانکۆکاندا بەپێی پسپۆڕییە جیاوازەکان دروستبووە." ئەمەش وایکردووە، وەزارەتەکە زیاتر کار لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بکات لە رێگەی دامەزراندنی خوێندکارە یەکەمەکانەوە.
تاوەکو ئێستا دوو قۆناخ لە سێ یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان دامەزراون و وەک د. توانا نەجەف دەڵێت، "ئێستا لە ناوەندەکانی خوێندندا کاردەکەن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە ساڵی خوێندنی 2017 - 2018ـەوە تاوەکو ئەمساڵ، نزیکەی 16 هەزار و 280 دەرچووی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ و پەیمانگەکان هەن. د. توانا نەجەف گوتی، "بۆ دامەزراندنیان نزیکەی 12 ملیار دینارمان پێویستە، کە بەڕای ئێمە و بەڕای ئەنجوومەنی وەزیرانیش پارەیەکی زۆر نییە." گوتیشی وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەموویان هاوکارن بۆ ئەوەی [یەکەمەکان] دابمەزرێن.
سەبارەت بە دۆخی دارایی زانکۆکان، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، داهاتی زانکۆکان بەشی خەرجییەکانیان ناکات. "ساڵانە داهاتی هەموو زانکۆکان نزیکەی 60 بۆ 70 ملیار دینارە، کە ئەگەر بیکەینە مانگانە، بڕێکی کەمە و تەنیا بەشی کڕینی کۆمپیوتەر و پەڕاوگە و هەندێک خەرجیی دیکە دەکات."
د. توانا نەجەف دوو بڕیاری نوێی وەزارەتەکەی ئاشکراکرد، یەکەم، "بڕیاردراوە پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندن دروستبکرێت. بۆ ئەوەی دادپەروەربین، داواکاری گشتی، دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکەن. هەروەها بڕیاردراوە هیچ پارەیەک لە پێشکەشکاران وەرنەگیرێت تاوەکو گرێبەستەکانیان یەکلادەکرێتەوە."
لەبارەی بڕیاری دووەمەوە، گوتی، "مانگانە پێنج ملیار دینار وەک دەرماڵەی خوێندکاران، کە پێیدەگوترێت پاڵپشتیی دارایی، لە بودجەدا جێگیرکراوە. پاش پەسندکردنی بودجە، دەرماڵەی خوێندکارانیش دابەشدەکرێت."
سەبارەت بە مووچەی ئەو کەسانەی کە بە گرێبەست دادەمەزرێن، د. توانا نەجەف روونیکردەوە کە پشت بە رێنوێنیی ژمارە 10ـی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی دەبەستن. بەپێی رێنوێنییەکە، مووچە بەپێی بڕوانامە دیاریکراوە:
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا (ناوخۆ): لە 1,250,000 دینارەوە دەستپێدەکات.
پرۆفیسۆر: دەگاتە 2,500,000 دینار.
کەمترین مووچە: 350,000 دینارە، بەڵام بۆ کەسانی بێبڕوانامە دەکرێت 250,000 دیناریش بێت.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم دامەزراندن، مەرجی تەمەنە. د. توانا نەجەف گوتی، "بەپێی رێنوێنیی دارایی، مەرجە ئەو کەسەی گرێبەستی لەگەڵدەکرێت، بتوانێت 20 ساڵ خزمەتبکات، ئەمەش واتە تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر بێت. بەڵام ئێمە نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی کردووە و چاوەڕێی وەڵامین."
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوەکرد کە ئەگەر پشت بە یاسای خانەنشینیی عێراق ببەسترێت، کە دەڵێت ئەگەر کەسێک لە تەمەنی 50 ساڵیدا 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت خانەنشین بێت، لەوانەیە بتوانن مەرجی تەمەن بۆ 45 ساڵ بەرزبکەنەوە. "بەڵام ئەمە پێویستی بە وەڵامی فەرمی و بەڵگەنامە هەیە بۆ ئەوەی کارێکی یاسایی بکەین."
وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی ناوی سێ یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکرێن. د. توانا نەجەف گوتی، "ئێمە لە بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ژمارەی 16 هەزار و 280 کەس لە سێ یەکەمەکان و 729 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرامان جێگیرکردووە و ئامادەین پاش ناردنی بودجە بۆ بەغدا، لەگەڵ پەرلەمانتارە کورد و عەرەبەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کار بۆ جێگیرکردنی بکەین."

