رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە پێنج مانگ، جارێکی دیکە پارت و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری 16 لایەن تێیدا بەشدار بوون، حەوت تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، گرنگترینیان پرسی زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمان بوو لە سنوورەکە.
جووتیاران و خەڵکی کەرکووک گوشارەکانیان بۆ سەر پارتی و یەکێتی زیاد کردووە تاوەکو پرسی زەوییە داگیرکراوەکان یەکلایی بکەنەوە. زیاتر لە ساڵێک و پێنج مانگە یاسای ژمارە 3ی تایبەت بە گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی لە پەرلەمانی عێراق دەرکراوە، بەڵام بەهۆی بەربەستی سیاسییەوە، جێبەجێکردنی یاساکە راگیراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی شورای عێراق کراوە.
سیروان سەید عاسی، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ئاماژە بە سستیی پرۆسەکە دەکات و دەڵێت: "خاوییەک هەیە لە جێبەجێکردنی یاساکەدا. پێشتریش هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکووک هەبووە، داواکارین لە ئەندامانمان لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمانتارانمان جددی بن و هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن."
فشار لە بەغداوە تاوەکو کەرکووک
لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت هەموو قورسایی خۆیان لە بەغدا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەی زەویوزاری کەرکووک بهێنن. رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەبێت جارێکی دیکە هەوڵی بۆ بدەینەوە، چونکە ئیشوکار لە بەغدا بە ئاسانی ناڕوات. ئێمە هێزێکی باشین و دەتوانین هێزی خۆمان لە سەرۆککۆمارەوە تاوەکو کۆتایی بەکاربهێنین."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک بە ئاشکرا دژایەتیی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێیوایە چارەسەر لە یەکدەنگیی نێوان پێکهاتەکاندایە و دەڵێت: "پێویستمان بە یەکدەنگییەکی باش هەیە لەنێوان کورد و برا تورکمانەکاندا، چونکە زەرەرمەندی یەکەم ئەو دوو نەتەوەیەن. ئەوەی دەگوزەرێت لە کەرکووک و بەغدا، تەنیا دەستی دەستی پێکردنە."
جووتیاران لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی زەوییەکانیان
جێبەجێنەکردنی یاسای ژمارە 3 و بڕیاری 29ی ئەنجوومەنی وەزیران، جووتیارانی کوردی تووشی دۆخێکی سەخت کردووە، بەجۆرێک هەندێکیان بیر لە دەستبەرداربوون لە زەوییەکانیان دەکەنەوە.
کەمال کوێخا قادر، جووتیارێکی گوندی عەلەغێرە، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئەمساڵ بە هەزار حاڵ و بەدەر لە پلان گەنمیان لێ وەرگرتووین، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو ئەوەشمان بۆ ناکرێت و زەوییەکانیشمان لەدەست دەچێت."
ئەگەر یاسای ژمارە 3ی پەرلەمان و بڕیاری 29ی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ بکرێن، چارەنووسی زیاتر لە 700 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک یەکلایی دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن.

