رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە بەغدا و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دا دەکات؛ گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن."
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 05-08-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، دەچێتە بەغدای پایتەخت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سەردانی بەغدا دەكات."
بە گوتەی دلشاد شەهاب، کۆبوونەوەکە فراوان دەبێت و تێیدا هەریەک لەمانە بەشدار دەبن: "چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراقی فیدراڵ. سەرۆكی هەرێمی كوردستان. لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی فیدراڵی."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی هەستیار و گرنگ باس دەکرێن، لەوانە: دۆخی ئێستای عێراق و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی. هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق. تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان و چۆنیەتیی خزمەتكردنی هاووڵاتییان لەم قۆناخەدا.
بەشێکی دیکەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، تایبەت دەبێت بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی و دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان. دڵشاد شەهاب ئاشکرای کرد کە "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و کارکردنی هاوبەش بە ئاراستەی هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوانیان، تاوتوێ دەکات."


