پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکییان داوەتەوە. پرۆژەی رووناکی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتژمێرەکانی کارکردن لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە زیادکران بۆ ئەوەی کاروباری هاوبەشان جێبەجێبکرێن. بەگوێرەی ئەو داتایەی کە پڕۆژەی رووناکی بڵاوی کردەوە، داشکاندن بۆ قەرزی کۆنی کارەبا بەپێی جۆری هاوبەشەکان دیاریکراوە، بەشێوەیەک 50٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دەکرێ، 25٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری دەکرێ (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەتیان هەیە). پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، ئەمە "دوایین داشکاندنی ناوازە دەبێت و چی دیکە درێژناکرێتەوە". داشکاندنەکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێ و تەنیا پێویستە هاوبەشان بڕی داشکێندراوی قەرزەکە بدەن. لە راگەیێندراوەکە هۆشداری دراوەتە هاوبەشانی کارەبا و تێیدا هاتووە: "هاوبەشان دەبێت بەردەوام بن لە پارەدانی پسوولەی مانگانەی رووناکی لە 50 رۆژدا، ئەگینا لە رێی سیستمی خۆکارەوە کارەبایان دەبڕدرێ." سەبارەت بە ئامارەکانی تاوەکو 4ی ئاب، (کە بڵاوکرابووەوە 35 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان داوە) حکومەت لە 10 ملیار دینار خۆش بووە و رێژەی پارەدان لە رێی "ئی-پسوولە" گەیشتبووە 75٪. بڕی لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا (تاوەکو ئەو کاتەی 35 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنیان دابووەوە) بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە: هەولێر: 3.5 ملیار دینار. سلێمانی: 3.5 ملیار دینار. دهۆک: 2.5 ملیار دینار. هەڵەبجە: 100 ملیۆن دینار. قەرزەکە کێ ناگرێتەوە؟ بەگوێرەی تیمی پرۆژەی رووناکی، ئەو کەسانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو قەرزە نایانگرێتەوە، کە زۆرتر کارگە و کۆمپانیا گەورەکان دەگرێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی کارەبا (پێش پرۆژەی رووناکی) زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900 ملیار دینار بووە، کە نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 50٪ی قەرزی کارەبای پێش رووناکی بۆ هاوبەشانی ماڵان کشتوکاڵی و 25٪ی قەرزی پشەسازی و بارزگانی و میری خۆش بێت، بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزەکانیان دەدەنەوە، هاوبەشان تاوەکو 10ی ئەیلوول دەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.