رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چلەی ئیمام حوسێندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی دواڕۆژێکی باشتر کردەوە.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردەوە: "لە یادی چلەی ئیمام حوسێندا بەهاکانی قوربانیدان، ئارامی، بوێری و بەرگری لە ماف و دادپەروەری بەرز رادەگرین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لەم یادەدا وانەی یەکگرتوویی و تەبایی وەربگیرێ؛ گوتیشی: "دەبێت هەست بەوە بکەین کە هەموومان رووبەڕووی هەمان ئاڵنگاریی دەبینەوە و چارەنووسمان یەکە."
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی هەمووانە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن و بەرژەوەندیی باڵای عێراق بخەنە پێش هەموو شتێک، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری بچەسپێت و دواڕۆژێکی باشتر بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکرێ.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست خودای گەورە وڵات و گەل بپارێزێ و ئاسایش و ئاوەدانی بەردەوام بێت.
چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، ساڵانە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت و جگە لە شیعەی عێراق، هاووڵاتییانی شیعەی وڵاتانی دیکەش تێیدا بەشدار دەبن.
یادی چلەی ئیمام حوسێن پار کەوتە 14ـی ئاب، ئەم ساڵ کەوتە 4ی ئاب.



