رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی کارەبا و بە مەبەستی کۆنترۆڵی بەکارهێنانی، سبەی چوارشەممە لە فەرمانگەکانی پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان پشوو دەبێ.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە، ئەمڕۆ سێشەممە 4-08-2026رایگەیاند، بڕیاردرا رۆژی چوارشەممە 5ی ئاب، لە فەرمانگە و دامەزراوە جێبەجێکارە حکومییەکان، کۆمپانیاکانی بیمە و دامەزراوە ناحکومییەکان پشوو بێت.
پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە لە پێناو کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبای گشتی دراوە.
هاوکات، پارێزگای کرماشان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە، 05-08-2026، سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان، بانکەکان، کۆمپانیاکانی بیمە و دامەزراوە ناحکومییەکان لە سەرانسەری پارێزگاکەدا پشوو دەبن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە هەموو لقی بانکەکان ناگرێتەوە و "لقە خەفەرەکان" بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ بەڕێوەبردنی کارە بەپەلە و پێویستەکان.
پارێزگاریی کرماشان روونیکردەوە کە هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەم بڕیارە و راگەیاندنی پشوو، کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی کارەبایە.
پارێزگای ئیلامیش بڵاویکردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و هاتووچۆی زیارەتکاران کە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی کارەبا لەو پارێزگایە، سبەی چوارشەممە، سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان و دامەزراوە گشتییە ناحکومییەکان پشوو دەبێ.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی پارێزگای سنە، پلەی گەرما لە بەیانییەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە لە هەندێک شوێنی پارێزگاکە تاوەکو 40 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.
کەشناسی کرماشانیش دەڵێ، پلەی گەرما لە رۆژی چوارشەممەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە، لە هەندێ شوێن لەنێوان 40 بۆ 45 پلەی سیلیزی دەبێ.
بەپیێ پێشبینییەکانی کەشناسی پارێزگی ئیلام، پلەی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە لە چوارشەممەوە تاوەکو کۆتایی هەفتە لە 35 بۆ 40 پلەی سیلیزی دەبێ.



