رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پێشنیازی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە دەڵێت، پارتی دەیەوێت کۆبوونەوەی لایەنەکان ئەنجامی هەبێت. ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیش بە هۆکاری سەرەکیی بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکە دادەنێت.
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی گشتی باش بوو، بەتایبەت دوای ماوەیەک بوو مامۆستا عەلی باپیر و کاک مەسعود بارزانی یەکدیان بینییەوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری، لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەر باس کراون: "یەکەم، ژیان و گوزەرانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان کە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، وەک گرانبوونی سووتەمەنی، دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا و کەمبوونەوەی کار و کاسبی. دووەم، پەیوەندیی خراپی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک و دۆخی دەروونیی هاووڵاتییانیش هەبووە. سێیەم، ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ناوچەکە بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت."
کۆمەڵی دادگەری پێشنیازی کردووە کە کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکان بکرێ، پێشنیازەکەیان داوەتە پارتی و بەنیازن پێشنازی کۆبوونەوەکە بدەنە یەکێتیش. عەبدولستار مەجید دەڵێت: "پێشنیازمان کرد کۆبوونەوەیەکی حیزبەکان بکرێت، چ لە ئاستی لووتکە بێت یان مەکتەبی سیاسی، گرنگ ئەوەیە کۆبوونەوەیەک بکرێت. پێمانوابوو ئەمە رێگەخۆشکردنێک دەبێت بۆ کۆبوونەوەی دیکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و لابردنی ئەو بێئومێدییەی کە لەسەر دەروونی هاووڵاتییان دروست بووە."
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەسەر ئەو پێشنیازە، عەبدولستار مەجید گوتی: "کاک مەسعود و برادەرانی پارتی پێیان باشە کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام کۆبوونەوەیەک کە ئەنجامێکی هەبێت و پێشوەختە رێککەوتنی لەسەر بکرێت و ئاسۆیەکی روونی هەبێت. ئەمە قسەیەکی لۆژیکییە، بەڵام بۆچوونی ئێمە جیاواز بوو."
کۆمەڵی دادگەری پێیوایە خودی کۆبوونەوەکە دەتوانێت زەوینەسازی بکات بۆ هەنگاوی دیکە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی روونیکردەوە: "ئێمە گوتمان دەکرێت کۆبوونەوەکە خۆی زەوینەساز بێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی دواتر ئەنجامیان هەبێت".
ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە هۆکارێکی بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی لایەنەکان دادەنرێت. عەبدولستار مەجید دەڵێت: "ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قووڵ بووەتەوە. پارتی دەڵێت با پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دواتر باسی حکومەت دەکەین. یەکێتیش پێیوایە دەبێت پەرلەمان و حکومەت یەک پاکێج بن و داوای شەراکەتی راستەقینە و یەکێک لە پۆستە سیادییەکان دەکات."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری گەشبین نییە بەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و دەڵێت: "زۆر گەشبین نیم، بەڵام بێئومێدیش نیم. پێموایە لە کۆتاییدا ئەگەر رێکیش نەکەون، دەبێت زەوینەسازی بۆ هەڵبژاردن بکرێت."
سەبارەت بە چارەنووسی پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید پێیوایە خولی ئێستای پەرلەمان بەبێ هیچ دانیشتنێکی دیکە کۆتایی دێت و گوتی: "بە ئەگەری زۆر بەڵێ، پێموایە پەرلەمان ناتوانێت بەم شێوەیە کۆببێتەوە."
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ جەختی لەسەر پێویستیی دیالۆگ کردەوە تەنانەت ئەگەر لەسەر پرسی پەرلەمان و حکومەتیش نەبێت و گوتی: "ئێمە دەڵێین دەکرێت کۆبوونەوەیەک بکرێت، باسی پەرلەمان و حکومەتیش هەر نەکرێت. با باس لەوە بکرێت کە چۆن رووبەڕووی ئەو قەیران و ئاڵۆزییانە ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەن و چۆن بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین."


