رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، دەروازەی سنووریی چیلات لە دێهلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش دوو دەیە کرایەوە.
رۆژی دووشەممە 3-08-2026، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ سنووری چیلات لە شاری دێهلۆران، ئاماژەی بە کرانەوەی ئەم دەروازە سنوورییە پاش 20 ساڵ راوەستان کرد و رایگەیاند، ژێرخانی ئەم سنوورە بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لەسەر دەروازەی سنووریی مێران بەهێز دەکرێت.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی بۆ ئەو پارێزگایە، بەدواداچوون بۆ پرۆسەی کاراکردنی سنوورەکە بووە و پێشبینی دەکرێت لە 11ـی ئابی 2026ـەوە (28ـی سەفەر)، هاتووچۆی زیارەتکاران لەم سنوورەوە دەستپێبکات.
موهاجیرانی هەروەها رایگەیاند: "حکومەت بەهێزکردنی ژێرخانی ئەم سنوورەی خستووەتە پلانییەوە و ئامانج لەم هەنگاوەش، پەرەپێدانی هاتووچۆی زیارەتکاران و فرەوانکردنی ئاڵوگۆڕیی بازرگانییە."
چیلات 28 کیلومەتر لە شاری دێهلۆران دوورە و سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و عێراقە.
پێشتر و لە رۆژانی چلەدا، ئەم دەروازەیە تەنیا بە شێوازێکی دیاریکراو و سنووردار بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییانی پارێزگای ئیلام و پارێزگاکانی دراوسێی کرابووەوە.
بە کاراکردنەوەی ئەم دەروازەیە، ئێستا پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی دوو دەروازەی سنووریی فەرمییە، کە بریتیین لە مێهران و چیلات.



