رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ دیمەشق رایدەگەیێنێت، دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی، ئەمڕۆ سووریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ سووریا بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "ئەمڕۆ دڵخۆشبووم بە سەردانیکردنی دیمەشق لەسەر بانگهێشتێکی بەڕێزانەی فەخامەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا لەبارەی داهاتووی سووریاوە دەڵێت، "دوای ساڵانێکی درێژ لە نەهامەتی، ئەمڕۆ سووریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ بووژانەوە، دووبارە ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن. متمانەی خۆم بە دیدگەی سەرۆک شەرع دەربڕی و بڕوام وایە سووریا لە سایەی سەرکردایەتیی ئەودا، توانای هەیە بەرەو سەقامگیری و گەشەسەندنی زیاتر و داهاتوویەکی رووناکتر بۆ هەموو رۆڵەکانی هەنگاوبنێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی جەخت لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، "پشتگیریی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپاتکردەوە کە تێیدا مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراوبێت. هەروەها باسی گرنگیی رۆڵی سووریامان لە بەهێزکردنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کرد."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر، بەغدا و دیمەشق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونیدەکاتەوە، "بە هۆی دراوسێیەتی، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆریان هەیە، هەروەها دەرفەتی گەورە هەن بۆ فراوانکردنی هاریکاریی ئابووری بەشێوەیەک کە قازانجی هاوبەش بۆ هەموو گەلەکانمان بهێنێتەدی."


