رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ هێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە کشانەوەیەکی لەناکاوی 72 کاژێریدا، سەدان سەرباز و سیستمی سەرەکیی بەرگریی ئاسمانییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە.
رووداو زانیویەتی، رۆژی شەممە 01-08-2026 ئەو باڵۆنەی لە ئاسمانی هەولێر دەبینرا، هێنراوەتە خوارەوە.
ئەو باڵۆنە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (PSS-T)، کامێرای زۆر پێشکەوتووی چاودێریی شەو و رۆژی تێدایە، بە بازنەی 360 پلە بۆ مەودای نزیکەی 50 کیلۆمەتر دووریی دەبینێت و سەرچاوەی هەموو هێرشێک ئاشکرا دەکات.
ئەم باڵۆنانە دەتوانن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ بەرزیی چەند هەزار پێیەک لەسەر بنکە سەربازییەکان، هێزە بڵاوەپێکراوەکان و کاروانەکان بەرز بکەنەوە. ئەمە وەک هۆشدارییەکی پێشوەختە کاردەکات دژی هەر هەڕەشەیەک و سیستمێکی زۆر سەرکەوتووە بۆ پاراستنی ئاسایش لەبری زیادکردنی هێزی زەوینی. لە ساڵی 2010ـوە کۆمپانیای NASC پاڵپشتی ئەم سیستمە بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و چەندین رێکخراوی دیکە دەکات.
ئەم باڵۆنە پێشتر لە سەربازگەی ئەمریکاییەکان لە (عەین ئەسەد) لە ئەنبار و سەربازگەی (کەی وەن) لە کەرکووک هەبووە.
کشاندنەوەی سیستمی پاتریۆت
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی کە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکرابوون.
سەرچاوەکان دەڵێن، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆن بەکاردەهێندرێن، لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا نەهێڵدراون؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکان لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە؛ هەروەها زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستە سەربازییە قورسەکانیان براونەتە دەرەوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە "سەرجەم پاتریۆتەکان گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام هەندێک سیستمی بەرگریی دیکە هێشتا لە شوێنی خۆیان ماون."
بەرپرسانی ناوچەکە ئەم کشانەوەیەیان بە "هەنگاوێکی ئاسایی" وەسفکردووە و دەڵێن، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە کە لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو 30ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ. بەڵام کشانەوەی ئەم هێزانە، بەتایبەتی سیستمی پاتریۆت، لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەوەستاون.
هەرچەندە ئەم سیستمە بەرگرییانە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا جێگیر کرابوون، بەڵام هەرێمی کوردستانیش سوودێکی زۆری لەو چەترە ئەمنییە بینیوە. لەوەتەی جەنگی ئێران لە مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوام رووبەڕووی هێرشی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بووەتەوە. سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەرنیان گوتووە، سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە لانیکەم 95٪ـی ئەو هێرشانە تێکبشکێنن.
پێنتاگۆن بۆ رووداو: هێزەکانمان بەردەوام لە جووڵەدان
رووداو چوار پرسیاری لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کرد. پرسیارەکان ئەمانە بوون. یەکەم: لە بەشێک لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە کە دەستتان کردووە بە کشانەوەی هێزەکانتان لە هەولێر. ئەم زانیارییانە چەندە دروستن؟ پرسیاری دووەم: ئایا سیستمی دژە مووشەکی پاتریۆتتان لە هەولێر کشاندوەتەوە؟ پرسیاری سێیەم: ئایا هیچ سیستمێکی دژە مووشەکی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێت؟ زانیارییەکانمان دەڵێن کە سیستمی سی رەمتان لە کۆنسووڵخانە هەیە. پرسیاری چوارەم: ئایا هیچ فڕۆکەیەک لە هەولێر هەبوو بۆ ئەوەی لە کاتی هێرشیی مووشەکیی ئێراندا مووشەکەکان بخاتە خوارەوە؟ ئایا ئەم فڕۆکانە ماون یان دەمێنن؟
بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە هێڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەوەی کە پەیوەندی بە سێ پرسیاری یەکەمەوە هەیە، "فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام جێگۆڕکێ بە هێز و کەرەستەکانی ئەمریکا دەکات و لە شوێنی دیکە جێگیریان دەکات بۆ پشتگیریکردنی ئەرکە سپێردراوەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا، لەبەر هۆکاری ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان، ئێمە گفتوگۆ یان باسی ئەم جووڵانە ناکەین."
ئەوەی کە پەیوەندی بە وەڵامی پرسیاری چوارەمەوە هەیە، بەرپرسەکەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا گوتی: "داواتان لێ دەکەین سەیری راگەیێندراوە بڵاوکراوەکانی پێشوومان بکەن. لەم کاتەدا هیچ شتێکی دیکەمان نییە زیادی بکەین".
سیستمی پاتریۆت چییە؟
ئەگەر بتەوێت یەک سیستمی پاتریۆتت هەبێت، دەبێت 1 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بدەیت. هەر مووشەکێکیشی بە 3.8 ملیۆن تاوەکو 4.2 ملیۆن دۆلارە.
سیستمی مووشەکیی پاتریۆت یەکێکە لە گرنگترین و باشترین سیتەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە جیهاندا. سیستمێکی گەڕۆکە کە لە هەموو کەشوهەوایەکدا کاردەکات و مووشەک لە زەوییەوە ئاراستەی ئاسمان دەکات. پاتریۆت بڕبڕەی پشتی بەرگریی سوپای ئەمریکایە و نزیکەی 20 وڵاتی دیکەش بەکاریدەهێنن.
کاری ئەم سیستمە سادەیە، بەڵام چارەنووسسازە: دۆزینەوە، چاودێریکردن و لەنێوبردنی هەڕەشە ئاسمانییەکان پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان جا چ سەربازگە، شارەکان یان ژێرخانی وڵاتان بن.
پاتریۆت لە چەند بەشێک پێکدێت: رادارێکی زۆر بەهێز، وێستگەیەکی کۆنترۆڵکردن، مۆلیدەی کارەبا و چەندین سەکۆی هەڵدانی مووشەک. رادارەکە دەتوانێت لە یەک کاتدا چاودێریی دەیان ئامانج بکات لە رووبەرێکی زۆر فراواندا کە دەگاتە سەرووی 150 کیلۆمەتر.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە نزیک کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سیسمی (سیرام) جێگیر کرابوو و هیچ دەستکارییەکی نەکراوە.
سیستمی سیرام چییە؟
سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی مەودا کورتە و لە دوایین چرکەکاندا پێش کەوتنەخوارەوەی مەترسییەکان، تێکیاندەشکێنێت. ئەمە وەک سیستمی پاتریۆت نییە کە بۆ مەودای دوور بێت، بەڵکو دواین هێڵی بەرگرییە بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان، باڵیۆزخانەکان و شوێنە هەستیارەکان.
تێچووی یەک سیستمی لەم جۆرە 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلارە. یەک گوللـەی بە 27 بۆ 80 دۆلارە. لەبەر ئەوەی زۆر گوللـە بە دوای یەکدا دەتەقێنێت، دەکرێت تێچووی یەک بەرپەرچدانەوە لە نێوان 30 هەزار بۆ 60 هەزار دۆلار بێت.
بەناوبانگترین جۆری ئەم سیستمە ئەمریکییە، ناوی (Centurion) سێنتیوریەن-ـە. کە بریتییە لە چەکێکی گەورەی شەش لوولە لە جۆری (گاتلینگ) بە قەبارەی 20 میلیم.
"ئامادەی چۆڵکردن بن"
ئەمڕۆ شەممە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، "هۆشدارییەکی ئەمنی"ـی بەپەلەیان بۆ هاووڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوایان لێکردن ئامادە بن بۆ جێهێشتنی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و ئەگەری هەیە ململانێکان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادبکەن."
هەردوو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن کە ئێستا لە ناوچەکەدان، زۆر وریابن و چاوکراوەتر بن. هەروەها هۆشدارییان پێدەدەن کە "خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی ناوبەناوی ئاسمانی وڵاتان و تێکچوونی بەرنامەی گەشتەکانیان."
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا بە روونی هاتووە: "پێویستە ئەمریکییەکانی ناوچەکە بیر لە جێهێشتن و رۆیشتن بکەنەوە، یان لانیکەم ئامادە بن بۆ رۆیشتن ئەگەر دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا روونیشیکردووەتەوە، هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەکە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دواخستووە و هەندێکی دیکەشیان بەتەواوی گەشتەکانیان بۆ چەندین شوێن هەڵوەشاندووەتەوە. هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بەر لە چوونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (و فڕۆکەخانەکانی دیکە)، راستەوخۆ لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان پەیوەندی بکەن بۆ دڵنیابوون لە گەشتەکانیان.


