رووداو دیجیتاڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، پێشوازی لە ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی هەوڵەکانی کرد لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. بە پێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە ماکسیم روبین کردووە؛ لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان: "سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێز روبینی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست." لە بەرامبەردا، کونسوڵی گشتیی رووسیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکایەتی و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "پێزانینم هەیە بۆ ئەو دۆستایەتی و هاوکارییە بەردەوامەی لە ماوەی کارکردنمدا لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشم کراوە." وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەوەرێکی دیکەی دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی رووسیا، گفتوگۆکردن بوو لە بارەی "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بە گشتی."
کوردستان01-10-2026ئاوات شێخ جەناب: لە رێگەی دژەتیرۆر و کۆماندۆوە هەڕەشە لە فەرمانگەکانی ئیدارەی سلێمانی کراوە