رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدانی رووداوی وەرگەڕانی پاسەکەی نێوان پیرانشار-نەغەدە گەیشتە دوو کەس و 26 کەسی دیکەش بریندارن.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 02-10-2026 لەسەر رێگەی نێوان پیرانشار-نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ روویداوە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، پاسێکی کرێکاران لە نزیک گۆڕستانی نەغەدە و گوندی قاڕنا وەرگەڕاوە.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدابوو و 27ـی دیکەش بریندار بوون، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە، یەکێکی دیکە لە برینداران، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو هاونیشتمانییانەی بە ناوەکانی (خالید کاکۆچووکە) و (محەممەد مەحموودوەند) لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەردوو خەڵکی پیرانشارن.
سەرجەم برینداران رەوانەی نەخۆشخانەکانی پیرانشار و نەغەدە کراون. پاسەکە تایبەتە بە کرێکارانی سێو رنین کە لە پیرانشارەوە بەرەوە نەغەدە دەچوون.
تاوەکو ئێستا هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکە دیار نییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن
.
.jpg&w=3840&q=75)

