رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە یادی ئەنفالی بارزانییەکان دا، "سڵاو و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵکی دڵسۆز و وهفادارى هەولێر و دەوروبەری و سنووری پارێزگاکه و هەموو ئەو جوامێرانە دەکەین کە ئەو رۆژگاره سەخته هاوکار و پەناگە بوون بۆ خێزانە لێقەوماوەکانی بارزانييان".
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ 31-7-2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمڕۆ 43 ساڵ بەسەر تاوانی جینۆساید و ئەنفالکردنی هەشت هەزار مێرمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەم یادە بەئازارەدا، سەری رێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە".
ئاماژە بەوەش دەکات، "دوای ئەم تاوانە دڕندانەیە، ئەرکێکی قورس کەوتە سەر شانی دایکان و هاوسەرانی سەربەرزی بارزانی. ئەوان بە خۆڕاگری، ورەی بەرز و بەخێوکردنی رۆڵەکانیان لەناو رەنج و ئهوپهڕى سهختيدا، نەک هەر رێگەیان نەدا ئامانجی دووژمنان بۆ قڕکردنی ئەم گەلە بێتە دی، بەڵکو نەوەیەکی نيشتمانپهروهريان بۆ داهاتووى کوردستان پێگەیاند. دەستی یەک بە یەکی ئەو دایکە ماندوو و میهرهبانانه ماچ دەکەم".
باس لەوەش دەکات، "جینۆسایدکردنی بارزانییان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گهلى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە رەواکانی بەهێزتر کرد. لێرەوە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوان و تهواوى قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "دووپاتى دهكهينهوه كه دەبێ تاڵییەکانی رابردوو و ئازاری کارەساتەکان، بۆ داهاتوو ببنە پهند و وانه و هەوێنی چەسپاندنی کولتووری یەکترقبووڵکردن و تەبایی، تاوەکو رێزلهيهكگرتن و لێكگەیشتن و ئاشتییەکی بەردەوام، كۆكهرهوهى ههموو پێكهاتهكانى عێراق بێت و ههمووان بە شکۆ و سەربەرزی پێكهوه بژین".
ئەنفالی بارزانییەکان یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستان، کە تێیدا رژێمی بەعس لە 31-7-1983 بە فەرمانی راستەوخۆی سەددام حوسێن هێرشێکی دڕندانەی بۆ سەر بارزانییەکان دەستپێکرد و بووە هۆی بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردنی 8000 گەنج، ژن و پیاو و پیری بارزانی لە بیابانەکانی خوارووی عێراقدا.



