رووداو دیجیتاڵ
دوازدە ساڵ دوای کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لەلایەن رێکخراوی داعشەوە، نادیە موراد کە پێشتر لەلایەن ئەو گرووپەوە رفێندرابوو و وەک کەنیزەک مامەڵەی پێوەکرابوو، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری هێشتا زۆر خاون.
لە ساڵی 2014، چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر رووبەرێکی بەرفراوانی سووریا و عێراقدا گرت و بەناو خەلافەتێکیان راگەیاند. لە ئابی هەمان ساڵدا، چارەنووسی کوردانی ئێزدی بەتەواوی گۆڕدرا، کاتێک داعش دەستی بەسەر سێیەکی خاکی عێراقدا گرت، لەنێویاندا زێدی رەسەنی ئەو پێکهاتە کوردییە لە ناوچە شاخاوییەکانی شنگال.
داعش هەزاران پیاوی کوردی ئێزدی لە شنگال کۆمەڵکوژ کرد، هەزاران ژن و کچیشیان وەک کەنیزەک رفاندن بۆ سووریا بۆ ئەوەی لە بازاڕەکاندا بیانفرۆشن. دواتر لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، ئەو کارانەی داعش جینۆسایدن.
نادیە موراد، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە بۆ ساڵی 2018، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لەلایەن فەرەنساوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ رێکخرابوو بۆ یادکردنەوەی کارەساتەکانی 2014 گوتی: "دوای رزگاربوونیان، زۆریان بڕیاریانداوە دەنگیان بەکاربێنن بۆ تێکۆشان لەپێناو دادپەروەری بۆ خەڵکەکەمان."
نادیە موراد گوتی: "زۆریان هێشتا ئەندامانی خێزانەکانیان لەژێر دەستی داعش و لە دیلێتیدان. ئەو کەسە ئازیزانەیشیان کە کوژراون، هێشتا نەناسراونەتەوە و نەگەڕێندراونەتەوە." هەروەها لە کاتێکدا ژمارەیەک رزگاربووی دیکەی دەستی داعش لە تەنیشتییەوە وەستابوون، گوتی: "ئێمە هێشتا کەسە ئازیزەکانمان لە کەمپەکاندان."
نادیە موراد کە ئێستا بووەتە دەنگێکی دیار بۆ داکۆکیکردن لە کوردانی ئێزدی، رەخنەی لە سستیی پرۆسەکە گرت و داوای پاڵپشتیی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەو دڕندەییە رووبەڕووی دادگە بکرێنەوە.
نادیە موراد گوتی: "12 ساڵە هەمان کێشەکان دووبارە دەکەینەوە؛ پرسی ژن و منداڵە بێسەروشوێنەکان، ئەو رووفاتانەی دەبێت بناسرێنەوە، گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ ماڵەکانی خۆیان و بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ رزگاربووان. راستە پێشکەوتن هەبووە، بەڵام زۆر خاوە. ئەمەش بۆ زۆر لە خێزانەکان وەک ئەشکەنجەدان وایە، چونکە هێشتا هەموو رۆژێک لەنێو چادرەکاندا چاوەڕێ دەکەن و زۆریشیان هێشتا لە دیلێتیدان... رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە بە دادپەروەری و لێپرسینەوە دەستپێدەکات و ئێمە هەموومان بۆ ئەوە لێرەین."
لەلایەکی دیکەوە خەوا عەلی، یەکێکی دیکە لەو کچانەی رزگاربووی دەستی داعشە، رەخنەی لەوە گرت کە هەندێک لە ئەندامانی داعش دوای گەڕانەوەیان بۆ ئەورووپا ئێستا "بە ئازادی دەسوڕێنەوە"، لە کاتێکدا قوربانییەکانیان "هێشتا لە ترسدا دەژین."
خەوا دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بەوەی ساڵی رابردوو لە بەلجیکا ئەو پیاوە سزادرا کە ئەوی وەک کەنیزەک راگرتبوو و گوتی: "پەیامی ئەمڕۆم ئەوەیە کە هیوادارین دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە دادگاییکردنی داعشەکان."



