رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە داوای دامەزراندنی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی دەکات و دەڵێت، دامەزراندنی ئەکادیمیاکە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵک، رۆشنبیران، خوێندکاران و چینی کولتووریی پارێزگایە.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە، رۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کولتووری گشتیی پارێزگاکەدا کە لە نووسینگەی عەبدولڕەزا پوورزەهەبی، نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای سنە بەڕیوەچوو، ئەو داوایەی خستەڕوو.
ئارەش لهۆنی باسی گرنگیی دامەزراندنی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی کرد و رایگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ حەداد عادل، سەرۆکی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی فارسی کۆبووەتەوە.
لهۆنی لە کۆبوونەوەکەدا هیوای خۆی بۆ رەزامەندیی تاران بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیاکە دەربڕی و رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێ مۆڵەتی دامەزراندن بۆ ئەم ئەکادیمیایە دەربچێت و ئاراستەی پارێزگای سنە بکرێ، بۆ ئەوەی بە زووترین کات کاری لەسەر بکرێ.
پارێزگاری سنە ئاماژە بەوەش دەکات، پتەوکردنی یەکێتی و پێکەوەژیان، زیادکردنی هیوای کۆمەڵایەتی و بەرفراوانکردنی بەشداریی خەڵک لە ریزی ئەو ئامانجانەن کە دەکرێ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەم ئەکادیمیایەدا بەدواداچوونیان بۆ بکرێ.
پێشتر لە 20ی ئەیلوولی 2026، کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی تاران لە نامەیەکدا بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، داوای دامەزراندنی ئەکادیمیای مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی کرد.
داواکارییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی دوای ئەوە دێن، کە حەداد عادل، سەرۆکی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی فارسی رایگەیاند، پلانیان هەیە ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی تورکی لە تەورێز دابمەزرێنن.

