رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان، بەهۆی گوللـەکێکی وێڵەوە بە سەختی بریندار بوو. فیشەکەکە چووەتە نێو قووڵایی سەری و پزیشکان دەڵێن، بەهۆی مەترسیی تووشبوونی بە ئیفلیجی، تاوەکو ئێستا نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام نەداوە.
ئومێد کەمال، تەمەنی حەوت ساڵە، شەوی سێشەممە کاتێک لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی لە باخچەی ماڵەکەیاندا خەریکی یاری بوو، گوللـەکێکی وێڵ بەر سەری کەوت. ئێستا ئومێد لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە.
کەمال مێرسیدی، باوکی ئومێد، سەبارەت بە تەندروستیی کوڕەکەی بە رووداوی راگەیاند: "کوڕەکەم لەژێر چاودێریی ورددایە، هۆشی هەیە و دەجووڵێتەوە. پزیشکەکان پێیان گوتین تاوەکو رۆژی شەممە چاوەڕێ دەکەین، چونکە ئێستا ناتوانن گوللـەکە دەربهێنن، ئەگەر دەستکاری بکەن مەترسیی هەیە تووشی ئیفلیجی (شەلەل) ببێت."
رووداوەکە کاژێر 11:00ی شەوی سێشەممە لە سەنتەری ناحیەی قەسرۆک روویداوە. تەلحە جاسم، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە، دەڵێت: "دەنگی تەقەیەک هات، بەڵام سەرەتا گرنگیمان پێ نەدا. دواتر ئومێد بە گریانەوە چوو بۆ لای باوکی، کاتێک بینیمان خوێن لە سەر و لوتی دەهات، تێگەیشتین گوللـەکی بەرکەوتووە."
پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکان، مەهران لوقمان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک بە رووداوی راگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تەقەکە. گوتیشی: "بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، وا دەردەکەوێت گوللـەکی کڵاشینکۆف بێت و بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە شوێنێکی دوورەوە هاتبێت."
بنەماڵەی ئومێد ئاماژە بەوە دەکەن کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگری لە دیاردەی تەقەی هەڕەمەکی بکەن، ئەمجارە منداڵەکەی ئەوانی کردە قوربانی.



