رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمەڵگەی شکارتەی سەر بە شارۆچکەی بیتواتە، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ و نیو بەناوی "لیڤا عومەر" بەهۆی پێوەدانی دووپشکێکی رەشەوە گیانی لەدەستدا. باوکی منداڵەکە دەڵێت، بەهۆی نەبوونی چارەسەر لە بنکە تەندروستییەکان، ناچار بوون کچەکەیان بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی جیاواز بگوازنەوە تاوەکو لە هەولێر گیانی سپارد.
رووداوەکە کاژێر 09:00ـی شەوی سێشەممە لە کۆمەڵگەی شکارتە روویداوە. لیڤا لەگەڵ دایکی و برا گەورەکەی بە مەبەستی بازاڕکردن لە ماڵەکەیان دوورکەوتوونەتەوە و لەسەر رێگەیەکی خۆڵ، دووپشکێک بە قاچیەوە دەدات.
عومەر ئیسماعیل، باوکی لیڤا، لەبارەی چۆنیەتیی هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنی کچەکەی دەڵێت: "تەلەفۆنم بۆ هات و پێیان وتم لیڤا دووپشک پێوەی داوە. بە خێرایی بردم بۆ دەرمانخانەیەکی نزیک و دواتر بۆ فریاکەوتنی حاجیاوا. لەوێشەوە رەوانەی رانیە کراین و بەهۆی ئەوەی بێئومێدیان کردین، بردمانە هەولێر، بەڵام بەداخەوە لەوێ گیانی لەدەستدا."
سەبارەت بە نەبوونی دەرزیی دژەژەهر لە بنکە تەندروستییە دوورەدەستەکان، تەندروستیی راپەڕین روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، کێشەی کەمیی دەرمانیان نییە، بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی کارمەندی پسپۆڕە بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرزییانە.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "ئەو دەرزییە شێوازێکی تایبەتی هەیە و دەبێت کەسی پسپۆڕ بەکاریبهێنێت، بۆیە بەپێی یاسا لە بنکە تەندروستییەکاندا دابین نەکراوە و تەنیا لە بەشەکانی فریاکەوتن بەردەستە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 200 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و نزیکەی 30 حاڵەتی پێوەدانی مار لە سنوورەکە تۆمارکراون؛ لیڤا عومەر تاکە کەس بووە بەهۆی ئەو رووداوانەوە ئەمساڵ لە سنوورەکە گیانی لەدەستداوە.


