رووداو – دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لەسەروبەندی ئەرکەکەیدا و لە پەیامێکی ماڵئاواییدا، بە رووداوی گوت پرۆژەیەکی گرنگ و هەشت رەهەندییان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی شارستانی و ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەشی قەیرانەکان (JCC) کۆتایی پێهێناوە.
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پرۆژەیە بە بودجەی یەکێتیی ئەورووپا و بە هاوکاریی رێکخراوی (EXPERTISE FRANCE) دوو ساڵی خایاندووە و ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتی و نەخوازراوەکان بووە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی گووتەکانی کۆنسووڵی فەرەنسا، پڕۆژەکە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە دوو بواری سەرەکی:
کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچە شارستانییەکان: دابینکردنی ئامرازی مەشق و راهێنانی پێشکەوتوو بۆ ئاگرکوژێنەوەکان کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق بەکاردەهێنرێت و رێگەیان پێدەدات لە ژینگەی داخراودا مەشقی رووبەڕووبوونەوەی ئاگر بکەن.
رزگارکردن لە نێو ئاودا: راهێنانی تیمەکانی رزگارکردن لە فەرەنسا و کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاوی وەرزی بەهار و رێگری لە خنکانی هاونیشتمانییان.
کۆنسووڵی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوییەوە، رووداوی نەخوازراو لە جیهان و تەنانەت لە فەرەنساش زۆربوونە، بۆیە بەهێزکردنی تواناکان کارێکی هەرە لەپێشینەیە
ئەوەشی گوت: "ئێمە پێکەوە دژی داعش جەنگاین و لەڕووی سیاسییەوە تێکۆشاین تاوەکو گرژییەکانی ناوچەکە هێور بکەینەوە؛ ئەم پڕۆژەیەش شێوازێکی دیکەی کارکردنە لەسەر ئاسایش و هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی پێویستییان بە یارمەتییە."
لە پەیامی ماڵئاواییدا بۆ گەلی کورد لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ رووداو، کۆنسووڵی فەرەنسا سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پێشوازیی گەرمی خەڵکی کوردستان و هاوکاریی دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو هەڵەبجە دەربڕی و ئاماژەی بە بەهێزیی پەیوەندییە دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد.
لە کۆتاییدا رایگەیاند کە بە هەستێکی تێکەڵ لە دڵخۆشی و خەمناکییەوە هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت و دڵنیایی دا کە لە داهاتوودا وەک دۆستێک دەگەڕێتەوە بۆ دیداری هاوڕێکانی لە کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)

