رووداو - دیجیتاڵ
کریستیانەکان لە دەشتی نەینەوا هێشتا بەدەست پاشماوەی بڕیارەکانی بەعس و هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیانەوە دەناڵێنن. ئێستا هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی 1600 پارچە زەوی کە لە سەردەمی رژێمی پێشوو داگیرکراون و بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکرابوون.
لە حەوشەی کەنیسەیەکی قەزای حەمدانییە، کریستیانەکان باس لە ئازارەکانیان دەکەن. رۆنی شەمعوون، هاونیشتمانییەکی کریستیانی حەمدانییەیە و بە رووداوی راگەیاند: "لە سەردەمی سەدام حوسێن گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانمان هەبوو، بەڵام جێگەی داخە کە حکومەتەکانی دوای 2003ش لەسەر هەمان بڕیارەکانی 'ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش'ی بەعس بەردەوامن لە دابەشکردنی زەویی کریستیانەکان بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا." ئەو داوا دەکات حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی زەوی، پشت بە سەرژمێریی ساڵی 1957 ببەستێت.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پێکهێنانی لیژنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری هاوپەیمانیی کریستیانەکان، سەردانی پارێزگاری نەینەوای کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری نەینەوا و بەشداریی نوێنەرانی کریستیانەکان، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی دژی موڵک و ماڵی مەسیحییەکان دەرچووبوون.
ئانۆ جەوهەر لەبارەی ئامانجی ئەو هەوڵانە بە رووداوی گوت: "ئەو زەوییانەی لە باوباپیرانمانەوە هی کریستیانەکان بووە، دەبێت بەپێی یاسا بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان. هەوڵێک هەیە ئەم زەوییانە بەناوی کەسانێکەوە بکرێت کە خەڵکی رەسەنی ئێرە نین، ئەمەش درێژکراوەی سیاسەتی بەعەرەبکردنە. ئێمە دەمانەوێت دیمۆگرافیای گوند و ناوچەکانی خۆمان بپارێزین تاوەکو کریستیانەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەرزێدی خۆیان."
ئەو ناوچانەی مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیایان لەسەرە: بەپێی بڕیارەکانی رژێمی بەعس، زەوییەکانی ئەم ناوچانە بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکرابوون:
- تلکێف و تلسقۆف
- بەرتلە و باتنایا
- حەمدانییە و کرملیس
پێشینەی کێشەکە: لە ساڵی 2000 و بە بڕیارێکی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش"ی بەعس، 1600 پارچە زەویی کشتوکاڵیی کریستیانەکان لە دەشتی نەینەوا داگیرکرا و بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکرا. هەرچەندە لە ساڵی 2004دا بڕیارەکە هەڵپەسێردرا، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی هەڵنەوەشێندراوەتەوە. ئەمە نەک تەنیا کێشەیەکی موڵکدارییە، بەڵکو مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی مێژوویی کریستیانەکان لە ناوچەکەدا.


