رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی سنە دەڵێت، ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکە لانیکەم 10٪ زیادیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە شەش مانگدا 586 هێکتار لەوەڕگە و دارستان سووتاون.
ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەم، فەرزاد زەندی، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2026ـەوە تاوەکو 21-09-2026 واتا لە شەش مانگدا، لانیکەم 586 هێکتار لەوەڕگە و دارستانی پارێزگاکە سووتاون.
بەگوتەی فەرزاد زەندی، بەراورد بە هەمان کاتی پار، ئاگرکەوتنەوەکان 10٪ زیادیان کردووە.
12٪ لە رووبەری سنە تایبەتە بە ناوچەی قەدەخەی راو. بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەو ماوەیەدا، 157 راوچیی سەرپێچیکار دەستگیر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی سنە، رووبەری دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە نزیکەی ملیۆنێک و 750 هەزار هێکتارە کە دەبێتە نزیکەی 63٪ـی رووبەری تەواوی پارێزگاکە.

