رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە، دەڵێ، 15%ـی پشکەکانی لە پڕۆژەی پەرەپێدانەوەی کێڵگەکانی کەرکووک بە کۆمپانیای نەوتی تورکیا فرۆشتووە.
رۆژی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم گوتی، ئەم رێککەوتنە لە کاتی سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا واژۆ کرا. ئەم هەنگاوەش لەسەر بنەمای یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ستراتیژییە کە لە شوباتی 2026 لەنێوان هەردوو کۆمپانیاکەدا واژۆ کرابوو.
ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە هات، پێشتر کۆمپانیای کۆنۆکۆ فێلیپس پشکی 42%ـی هەمان پڕۆژەی کڕیبوو.
نەخشەی خاوەندارێتی پشکەکان لە پڕۆژەی پەرەپێدانەوەی کێڵگەکانی کەرکووک بەم شێوەیەی لێدێ:
کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم: 43%
کۆمپانیای کۆنۆکۆ فێلیپس: 42%
کۆمپانیای نەوتی تورکیا : 15%
مێگ ئۆنیڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم رایگەیاند: "کۆمپانیای نەوتی تورکیا بۆ زیاتر لە 30 ساڵە لە ناوچەی دەریای قەزوین هاوبەشێکی جێگەی متمانەی ئێمەیە. کەرکووک سەرچاوەیەکی وزەی ئاستبەرزە لە جیهان و دەتوانێت پاڵپشتی لە خواستە درێژخایەنەکانی عێراق بکات."
گرێبەستی گەشەپێدان و بەرهەمهێنانەکە، قۆناخی سەرەتایی بەرهەمهێنانی زیاتر لە سێ ملیار بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێ.
ئەم پڕۆژەیە ئەم کێڵگانە دەگرێتەوە:
- کێڵگەی باباگوڕگوڕ
- کێڵگەی ئاڤانە
- کێڵگەی بای حەسەن
- کێڵگەی جەمبوور
- کێڵگەی خەباز
ئەم کێڵگانە ئێستا لەلایەن هەردوو کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوورەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام پڕۆژە نوێیەکە ئامانجی پەرەپێدانەوە و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانیانە.
کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق مێژوویەکی درێژی هەیە و بۆ زیاتر لە سەتەیەک دەگەڕێتەوە و ئەزموونێکی زۆریان لە کێڵگەکانی باکوور و باشووری وڵاتەکەدا هەیە.
دەقی راگەیێندراوەی کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم:
کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم پێشوازی لە بەشداربوونی کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە پڕۆژەی پەرەپێدانەوەی کەرکووک لە عێراق دەکات.
کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم و کۆمپانیای نەوتی تورکیا لەسەر مەرجەکانی بەدەستهێنانی پشکی 15% لەلایەن کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە کۆمپانیای وزەی کەرکووکی بریتش پێترۆڵیەم رێککەوتن، ئەمەش دەبێتەهۆی فراوانکردنی زیاتری ئەو هاوبەشییەی کە پاڵپشتی لە دووبارە پەرەپێدانەوەی چەندین کێڵگەی سەرەکیی نەوت و گاز لە کەرکووک لە باکووری عێراق دەکات.
رێککەوتنەکە لە کاتی سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا واژۆ کرا و لەسەر بنەمای یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی ستراتیژییە کە لە نێوان بریتش پێترۆڵیەم و کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە شوباتی 2026دا واژۆ کرا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر راگەیێندرا کۆمپانیای کۆنۆکۆ فێلیپس پشکی 42%ی لە هەمان کۆمپانیا بەدەستهێناوە. پێکەوە، ئەم مامەڵە بازرگانییانە رەنگدانەوەی شێوازی رێکوپێکی کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەمە لە تەرخانکردنی سەرمایەدا، بەجۆرێک ئەو هاوبەشانە کۆدەکاتەوە کە خاوەنی توانا و پسپۆڕی تەواوکەری یەکدین بۆ پاڵپشتیکردنی قۆناخی داهاتووی پەرەپێدانەوەی کەرکووک.
مێگ ئۆنیڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم دەڵێ، کۆمپانیای نەوتی تورکیا بۆ زیاتر لە 30 ساڵە هاوبەشێکی جێگەی متمانەیە لە کارەکانماندا لە سەرتاسەری ناوچەی دەریای قەزوین. ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە مێژووییە درێژخایەنە دروستکراوە و لەگەڵ هاوبەشییمان لەگەڵ کۆنۆکۆ فێلیپس، پێگەیەکی بەهێزمان پێدەبەخشێت بۆ قۆناخی داهاتووی پەرەپێدانەوە لە کەرکووک. کەرکووک بنکەیەکی سەرچاوەی ئاستبەرزە لە جیهاندا کە دەتوانێت پاڵپشتی لە خواستە درێژخایەنەکانی وزەی عێراق بکات و ئێمە بەپەرۆشین بۆ کارکردنی نزیک لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوبەشەکانمان بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی داهاتووی پەرەپێدانەوە.
گرێبەستی گەشەپێدان و بەرهەمهێنان قۆناخی سەرەتایی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەگرێتەوە کە بڕەکەی زیاتر لە 3 ملیار بەرمیل هاوتای نەوتە، لە هەردوو کێڵگەی (بابا و ئاڤانا) لە کێڵگەی نەوتی کەرکووک و کێڵگەکانی (بای حەسەن، جەمبوور و خەباز) لە عێراقی فیدراڵ، کە ئێستا هەموویان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوورەوە بەڕێوەدەبرێن. ناوچەی گرێبەستەکە ئەگەری گەڕان و دۆزینەوەی زیاتریشی تێدایە.
پەیوەندیی کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم لەگەڵ عێراق بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە و چەندین دەیە ئەزموون لە باکوور و باشووری وڵاتەکە لەخۆدەگرێ. دوای تەواوبوونی مامەڵەکە، کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم وەک خاوەن پشکی زۆرینە و بەشداربووی سەرەکی لە کۆمپانیای وزەی کەرکووک سەربە کۆمپانیای بریتش پێتڕۆڵیەم دەمێنێتەوە (بریتش پێترۆڵیەم 43٪، کۆنۆکۆ فێلیپس 42٪، کۆمپانیای نەوتی تورکیا 15%).



