رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرێک لە بازگەی چیمەنی کەرکووک کۆنترۆڵی بارهەڵگرەکەی لەدەستدا و دوای شێلانی چوار ئۆتۆمبێل و زیانگەیاندن بە چەند دووکانێک، گڕی گرت.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە بازگەی چیمەن لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بارهەڵگرێک کە بە خێراییەکی زۆر لە سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک دەڕۆیشت، کۆنترۆڵی بارهەڵگرەکەی لەدەستدا و چووە سایدی پێچەوانە (کەرکووک بەرەو سلێمانی).
بەگوێرەی سەرچاوەکە، بارهەڵگرەکە چوار ئۆتۆمبێلی شێلاوە و زیانی بە دوو دووکانی نزیک بازگەکەش گەیاندووە.
دواتر بارهەڵگرەکە گڕی گرتووە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای سەختیی رووداوەکە و زیانە مادییەکان، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بازگەی چیمەن دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و سلێمانی، کە رێگەیەکی پڕ هاتووچۆیە.
رۆژی 26ـی نیسانی 2026، رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی روویدا و بارهەڵگرێک بە هۆی نەمانی برێک خۆی کێشا بە زیاتر لە 35 ئۆتۆمبێل دا ژمارەیەک هاونیشتمانی برینداربوون و 7 کەس گیانیان لەدەستدا.


