رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سنە دەڵێت، سبەی لە فەرمانگەکانی پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە پشووە. لە پارێزگای کرماشانیش بە هەمان هۆکار پشووە.
رۆژی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، عەبدوڵڵا رەشیدی پوور، جێگری پارێزگاری سنە رایگەیاند: "بەهۆی گەرما و کەمیی کارەباوە، سبەی لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت."
جێگری پارێزگای سنە گوتی: "بڕیارەکە لە لایەن لیژنەی کۆنترۆڵی وزەی پارێزگاکەوە پێشنیاز کراوە و پارێزگار رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، ئامانجیشی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزە، بە تایبەت کارەبایە."
بە گوتەی عەبدوڵڵا رەشیدی پوور، بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە پارێزگای سنە هەر بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما و بۆ رێگری لە کەم بەکارهێنانی کارەبا، دەوام لە فەرمانگەکانی ئەو پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کەم کرایەوە.
هاوکات جەلیل باڵایی، جێگری پارێزگای کرماشان بۆ کاروباری گەشەپێدانی مرۆیی رایگەیاند، بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە رۆژی چوارشەممە لە پارێزگای کرماشان پشوو دەبێت.
کەشناسیی سنە دەڵێ، پێشبینی دەکرێ سبەی پلەی گەرما لە هەندێك شوێنی پارێزگاکە تاوەکو 43 پلەی سیلیزی بڕوات.
کەشناسی کرماشانیش ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێ پلەی گەرما لە هەندێک شوێنی پارێزگاکە تاوەکو 42 پلەی سیلیزی بڕوات.



.jpg&w=3840&q=75)
